ئەمەریکا یادی 22 ساڵەی هێرشە تیرۆریستییەکانی 11 ی سێپتێمبەر دەکاتەوە کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 3000 کەس.
بڕیارە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە بنکەیەکی سەربازیی لە ئانکۆراج لە ویلایەتی ئالاسکا وتارێک پێشکەشی ئەندامانی سوپا و تیمەکانی فریاکەوتن و خێزانەکانییان بکات.
سەردانەکەی سەرۆک بایدن لە ئالاسکا لە کاتێکدایە کە لە گەشتەکەی بۆ دەرەوە دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی سەردانی هیندستانی کرد و بەشداریکرد لە کۆبوونەوەی لوتکەی کۆمەڵەی بیستدا و دواتریش لە ڤیێتنام لەگەڵ ڕابەرانی ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە.
لە کاتێکدا کە ڕۆژی دووشەممە یادێکی دەگمەنی یانزەی سێپتێمبەر دەبێت بەبێ دەرکەوتنی سەرۆکی ئەمەریکا لە شوێنەکانی ڕووخانی بیناکان لە نیویۆرک، پێنسیلڤەینیا یاخود لە پەنتاگۆن، بەڵام بێپێشینە نیە.
سەرۆک جۆرج دەبلیو بوش لە ساڵی 2005 دا لە باخچەکەی کۆشکی سپیدا یادەکەی کردەوە، لە کاتێکدا سەرۆک باراک ئۆباما لە ساڵی 2015 دا بەشداری لە ساتێکی بێدەنگیدا کرد لە کۆشکی سپی و دواتر ئامادەی بۆنەیەک بوو کە تێیدا کارەکانی سوپا لە فۆرت مید بەرزڕاگیرا.
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرس بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ئامادەی مەراسیمێک بێت لە میمۆڕیاڵ و مۆزەخانەی نیشتیمانی 11 ی سێپتێمبەر لە نیویۆرک. تیرۆریستانی ئەل قاعیدە لەو ڕۆژەدا دوو فڕۆکەی ئاساییان ڕفاند و فڕۆکەکانییان کێشا بە تاوەرەکانی ناوەندی بازرگانی جیهانیدا، ئەوەش بووە هۆی ڕووخانی هەردوو بیناکە.
هاوسەرەکەی هێرس، دۆگ ئیمهۆف، بڕیارە سەردانی شانکسڤیل بکات لە ویلایەتی پێنسیلڤەینیا، ئەوەش بۆ دانانی تاجە گوڵینەیەک لە میمۆڕیاڵێکدا کە فڕۆکەیەکی دیکەی ڕفێندراو بەسەر شوێنێکدا کەوتە خوارەوە، دوای ئەوە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە لەگەڵ هێرشبەرەکاندا شەڕییان کردبوو.
خانمی یەکەم جیڵ بایدن و وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و سەرۆک ئەرکانی گشتی سوپای ئەمەریکا مارک مایڵی، سەرجەمییان بڕیارە بەشداری لە مەراسیمێکی دانانی تاجە گوڵینەدا بکەن لە میمۆڕیاڵی نیشتیمانی 11 ی سێپتێمبەری پەنتاگۆن. تیرۆریستان فڕۆکەیەکی ڕفێندراوییان کرد بە ناو بیناکەدا، کە بارەگای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکایە.
یانزەی سێپتێمبەر وەکو ڕۆژی نیشتیمانی خزمەت و یادکردنەوە ناسراوە لە ئەمەریکادا، ئامانج لێی گۆڕینی ڕۆژێکی تراجیدیایە بۆ ڕۆژێکی چاکەکردن لە پێناو بەرزڕاگرتنی یادی قوربانییان و ئەو کەسانەدا کە وەڵامی هێرشە تیرۆریستییەکانییان دایەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا