فڕۆکەیەکی بۆمبڕێژی ئەمەریکا بەشداری مەشقەکان دەکات لەگەڵ کۆریای باشووردا

بەرپرسانی کۆریای باشوور ڕایانگەیاند فڕۆکەی بۆمبڕێژی B-52 ی ستراتیژی ئەمەریکا بەشداری لە مەشقە سەربازییەکاندا کردووە لەگەڵ کۆریای باشووردا، ئەمەش لە نوێترین دەرخستنی هێزدا لە نێوەندی گرژییەکاندا سەبارەت بە شکستهێنانی مانگە دەستکردە سیخوڕییەکەی کۆریای باکوور.

وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور وتی سوپای ئەمەریکا فڕۆکەی F-16 و F-15 ی لەگەڵ بۆمبڕێژەکەدا بەکارهێناوە بۆ مەشقەکان، فڕۆکەکانی کۆریای باشووریش بە F-35 و KF-16ەوە بەشدارییان لە مەشقەکاندا کردووە.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا کۆریای باکوور شکستی هێنا لە هەڵدانی یەکەمین مانگی دەستکردی سیخوڕی وڵاتەکەیدا، ئەمەش بۆ ماوەیەکی کورت لە هەندێک لە ناوچەکانی کۆریای باشووردا ترس و دڵەڕاوکێی خستەوە.

وەزارەتەکە وتی مەشقەکان پابەندبوونی هاوپەیمانان دەردەخات بۆ پتەوکردنی پێگەی بەرگری هاوبەشییان، ئەوەش لە ڕێی " باشکردنی هێزە ڕێگرییە هاوبەشەکانەوە، بە هێزی ئەتۆمی ئەمەریکا و هێزە پێشکەوتووەکانی سوپاکەشمانەوە."

لە مانگی سێوە تاوەکو ئێستا ئەمەریکا و کۆریای باشوور چەندین مەشقی سەربازیی هاوبەشی جۆراوجۆرییان ئەنجام داوە، مەشقەکانیش بریتی بوون لە مەشقی ئاسمانی و دەریایی، هاوکات کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکایی و فڕۆکە بۆمبڕێژەکانی B1B و B-52 بەشدارییان کردووە.

کۆریای باکوور سەرکۆنەی مەشقە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشورو دەکات و دەڵێت ئامادەکارین بۆ جەنگ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز