کۆریای باشوور و ئەمەریکا ڕاهێنانێکی سەربازیی گەورەیان دەستپێکرد بۆ وەڵامدانەوەی ئەگەری "هێرشێکی بەرفراوانی " کۆریای باکوور، وتیشیان گەورەترین ڕاهێنانی سەربازیی نێوانییان بووە بۆ دەرخستنی توانا " گەورە " سەربازییەکانییان دژی هەڕەشەکانی کۆریای باکوور.
تۆپهاوێژە هاویتزەرەکان بە ئاڕاستەی چیایەک لە پۆچیۆنی نزیک سنووری نێوان کۆریای باشوور و باکوور تەقەیان کرد، هاوکات تانکە شەڕکەرەکانیش مانۆڕی سەربازییان ئەنجام دەدا و تەقەیان لە ئامانجەکان دەکرد.
وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور وتی نزیکەی 2500 سەربازی کۆریای باشوور و ئەمەریکا بەشدارییان لە مەشقەکەدا کردووە، وتیشی تاوەکو ناوەڕاستی مانگی شەش چوار جاری تر ئەم جۆرە مەشقە ئەنجام دەدرێتەوە.
وەزارەتەکە وتی " مەشقەکە ئامادەیی و توانا سەربازییەکانمانی دەرخست بۆ وەڵامدانەوەی توندی هەڕەشە ئەتۆمی و موشەکییەکانی کۆریای باکوور و وەڵامدانەوەی هێرشێکی بەرفراوان." هەروەها بەڵێنیشیدا "ئاشتی لەو هێزە گەورەیەدا " بپارێزێت.
هەفتەی ڕابردوو دەزگای هەواڵی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە ڕابەری وڵاتەکە کیم جۆنگ ئون دوایین ئامادەکارییەکانی پەسەند کردووە بۆ هەڵدانی یەکەمین مانگی دەستکردی سیخوڕی سەربازیی کۆریای باکوور. کیم وتی ئەوە پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور.
شیکەرەوەکان دەڵێن مانگە دەستکردەکە تواناکانی کۆریای باکوور بۆ چاودێریکردن باشتر دەکات و توانایەکی دەداتێ کە بتوانێ لە حاڵەتی جەنگدا وردتر ئامانجەکانی بپێکێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز