ئەمەریکا ڕایگەیاند لە میانەی تاقیکردنەوەیەکی نوێی بەرگری ئەمەریکادا موشەکێکی بالیستیکی مەودا ناوەندی خستۆتە خوارەوە کە هاوشێوەی ئەو موشەکە بووە کە کۆریای باکوور پەرەی پێداوە.
وابڕیاربوو چەند مانگێک لەمەوپێش تاقیکردنەوەی سیستمی بەرگری موشەکییەکەی ئەمەریکا بەسەر دەریای هێمندا بکرێت بەڵام تاقیکردنەوەکە لەم کاتەدا گرنگیەکی تایبەتی خۆی هەبوو دوای ئەوەی کۆریای باکوور موشەکێکی بالیستیکی کیشوەریی تاقیکردەوە و ترسی هەڕەشەکانی کۆریای باکووری زیاتر کرد.
ئەم تاقیکردنەوەیە یەکەم تاقیکردنەوەی سیستمی ثادی بەرگری موشەکیی ئەمەریکایە لەدژی موشەکی بالیستیکی مەودا ناوەند کە شارەزایان دەڵێن ئامانجێکی خێراتر و قورسترە لە موشەکە مەودا کورتەکان.
دەزگای بەرگریی موشەکی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی موشەکە بالیستیکیە مەودا ناوەندەکە بەشێوەیەک دروستکراوە کە هاوشێوەی ئەو جۆرە موشەکانە بێت کە دەتوانن هەڕەشە دروست بکەن لەسەر ئەمەریکا.
وتیشی " سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکە لەبەرەنگاربوونەوەی موشەکە بالیستیکیە مەودا ناوەندەکە تواناکانی بەرگری وڵاتەکە دەردەخات لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی موشەکیی کۆریای باکوور و وڵاتانی دیکەی تر لە جیهاندا."
شایەنی باسە ئەمەریکا سیستمی بەرگری موشەکیی ثادی لە گوام و کۆریای باشووردا بڵاوکردۆتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی کۆریای باکوور. سیستمی بەرگری موشەکی ثادی وشکانی بۆ ئەوە دروستکراوە کە بەرەنگاری موشەکە بالیستیکیە مەودا کورت و ناوەندەکان ببێتەوە.
سەرچاو ڕۆیتەرز