ئەمەریکا پشتیوانی لە ناردنی سەرمایەی دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا دەکات بۆ ئۆکرانیا

وەزیری دادی ئەمەریکا مێریک گارلاند، 26 ی 4 ی 2022 ، واشنتن، ئەمەریکا

وەزیری دادی ئەمەریکا مێریک گارلاند وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پشتیوانی لە پڕۆژە بڕیارێک دەکات تیایدا داوا دەکات هەندێک لە سەرمایەی دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا کە دەستیان بەسەرداگیراوە " ڕاستەوخۆ ڕەوانەی ئۆکرانیا بکرێن."

گارلاند لەکاتێکدا لەلایەن یاسادانەرانی لیژنەی تەرخانکردنی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکاوە سەبارەت بە دەستبەراگرتنی موڵک و سەرمایەی دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی نزیک لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنەوە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمەریکاوە پرسیاری لێدەکرا، وتی " ئەوە بارودۆخەکەی ئێستا نیە."

وەزارەتی دادی ئەمەریکا بە ڕابەرایەتی گارلاند یەکەیەکی نوێی پێکهێناوە بە ناوی " کلیپتۆکاپچەر "ەوە کە یارمەتیدەر دەبن لە جێبەجێکردنی سزاکانی سەر بەرپرسانی حکومەتی ڕووسیا و دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ئەو وڵاتەدا، کەشتیە گرانبەها و فڕۆکە تایبەتییەکانیان و موڵک و سەرمایەکانی دیکەیان دەکەنە ئامانج.

ئەم پڕۆژەیەی ئەمەریکا بۆ ئەوەیە هاوپەیمانە نزیکەکانی پوتن فشاری لێبکەن تاوەکو کۆتایی بە جەنگەکەی دژ بە ئۆکرانیا بهێنێت. هەندێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ڕووسیا ناڕەزایی خۆیان دژی داگیرکارییەکە دەربڕیوە، بەڵام هێرشەکانی ڕووسیا بەردەوامن، لە ئێستادا هێزەکانی ڕووسیا سەنگیان خستۆتە سەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ئەمەش دوای ئەوەی مۆسکۆ شکستی هێنا لە گرتنی کیێڤ و لابردنی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنکسیدا.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا وەزارەتی دادی ئەمەریکا وتی یەکەم دەستبەسەراگرتن لەلایەن ئەمەریکاوە کەشتییەکی گرانبەهای 90 ملیۆن دۆلاری بووە کە پۆلیسی ئیسپانیا لەسەر داوای ئەمەریکا دەستی بەسەرداگرت.

گارلاند لەمیانەی گەواهیدانەکەیدا لەبەردەم لیژنەکەی ئەنجومەنی سیناتدا سەرکۆنەی جەنگەکەی ڕووسیای کرد لە ئۆکرانیا، وتی " ئەو کارە دڕندانانەی " کە لەڕێی ڤیدیۆ و وێنەکانی ئۆکرانیاوە دەیبینین " ئەو جۆرە شتانەن هیچ کەسێک کە لە سەدەی 20 دا گەورە بووبێت پێشبینی نەکردووە لە سەدەی 21 دا جارێکی دیکە بیانبینێتەوە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا