وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکا ئاشتن کارتر Ashton Carter ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا بۆی ده‌ربکه‌وێت که گرووپه‌کانی زیاتر هه‌نه خوازیاری شهر له گه‌ڵ داعش له سوریان، ئه‌وه خۆی و سه‌رۆک ئۆباما ئاماده‌ن هێزه‌کانی زۆرتری ئه‌مه‌ریکا بۆ سوریا بنێرن. په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ڤیکتور بیتی ڕاپۆرت ده‌کات سناتۆری ناسراوی دێمۆکڕات ده‌ڵیت که ناردنی 50 ئه‌ندامی هێزه‌کانی کرداره‌کانی تایبه‌تی بۆ سوریا که‌مه و داوای ڕێبازێکی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ شکست دانی داعش ده‌کات.
وه‌زیری به‌رگری، له ده‌مێکدا له سه‌ر که‌شتی فرۆکه هه‌ڵگری تیئودۆر ڕۆزڤێڵت له باشوری ده‌ریای چین بوو، یه‌ک شه‌مه له‌پرۆگرامی ئه‌ی بی سی دا به‌شداری کرد و ده‌ڵێت، به ئه‌و جۆره‌ی ئه‌مه‌ریکا له عێڕاق و ئه‌فغانستان دا ئه‌زموونی وه‌ده‌ست هێناوه، کلیلی سه‌رکه‌وتن ئه‌وه‌یه که هێزه‌کانی خۆجێێ ده‌توانن ئاشتی بپارێزن کاتێک ئه‌وان له وه‌ده‌ست هێنانی ئاشتی دا یارمه‌تیان پێبکرێن:
"ئێستا زۆر سه‌خته ئه‌و جۆره هێزانه له عێڕاق و سوریا دا بدۆزیه‌وه. هه‌ر بۆیه‌شه کاتێکی زۆر ده‌خایه‌نێت چونکه ئێمه ده‌بێت ئه‌و هێزانه پێک بێنین، تواناییان پێ به‌خشین و پشگیرییان بکه‌ین. بۆیه، ئه‌وه‌ی لێره هه‌یه هێزێکه که شه‌ڕی داعش ده‌کات و له ئه‌و شه‌ره دا هێندێک کاریگه‌ری نیشان داوه و، ئه‌گه‌ر ژماره‌یان زیاد بێت، ئێمه کاری زیاتر ئه‌نجام ده‌ده‌ین. ئه‌گه‌ر ئێمه گرووپی زیاتر ببینین که خوازیاری شه‌ڕ له دژی داعشن، و تواناییان پێ بدرێت و تاقی بکرێنه‌وه، ئه‌وه ئیمه کاری زیاتر ئه‌نجام ده‌ده‌ین. سه‌رۆک ئاماژه‌ی داوه که خوازیاری ئه‌نجام دانی کاری زیاتره. به‌ڵام پێویست به هێزه‌کانی خۆجێێ کارلێهاتووه هه‌یه. ئه‌وه کلیل بۆ سه‌رکه‌وتنی به‌رچاوه."
کارتر ده‌ڵێت ژماره‌ی سه‌ربازانی به‌شداری ئه‌مه‌ریکا گرنگه نیه، ئه‌وه‌ی زیاتر گرنگه ئه‌وه‌یه که ئه‌و هێزانه چ کارێک ئه‌نجام ده‌ده‌ن:
"ئه‌وان لێهاتوویی تایبه‌تیان هه‌یه که هێرشه‌کانی ئاسمانی به‌ڕێوه‌به‌رن و زانیاری نه‌هێنی دابین بکه‌ن. بۆیه ئه‌وان کارتێکردنی باشیان له سه‌ر هێزیک ده‌بێت که زۆر زیاتر له 50 که‌سن ، به‌ڵام له که‌سانی خۆجێی پێک هاتوون."
ئه‌گه‌رچی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی له‌شکری ئه‌مه‌ریکا بۆ ئه‌وه نانێردرێن که له کرداره‌کانی شه‌ڕ کردن دا به‌شداری بکه‌ن، به‌ڵام وه‌زیری به‌رگری ئاگایی ده‌دات که ڕه‌نگه ئه‌و هێزانه هه‌روه‌ک ئه‌و نموونه‌ی جاشوا ویڵرJoshua Wheeler به ناچار تووشی شه‌ڕ بن. ناوبراو فه‌رمانده‌یه‌ک بووکه له ماوه‌ی کردارێک له گه‌ڵ کوماندۆکانی کورد بۆ ڕزگارکردنی به دیلگیراوان له مانگی ڕابردوو له عێراق دا گیانی له ده‌ست دا.
"ئه‌و سه‌ربازانه له ئاستێکی جێگای مه‌ترسی دان، له ئه‌م باره‌یه‌وه گومانتان نه‌بێت. ئێمه ئه‌وان بۆ دۆخێکی مه‌ترسیدار ده‌نێرین و ده‌کرێت وابێت تووشی شه‌ڕ بن هه‌روه‌ک له نموونه‌ی جاشوا ویلر ڕوویدا. ئه‌وان بۆ پشتیوانی کردنی هێزه‌کانی خۆجێی بۆ عێڕاق ده‌نێردرێن، به‌ڵام واش ده‌بێت که تووشی شه‌ڕ بن، و هیچ گومانێکمان سه‌باره‌ت به ئه‌و ڕاستیه نه‌بووه که ئه‌م سه‌ربازانه له دۆخێکی مه‌ترسیدار دان."
کاتێک پرسیاری لێ‌کرا داخوا ئه‌مه‌ریکا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ریمه‌که‌دا شه‌ڕ بکات، وه‌زیری به‌رگری داعشی وه‌ک گرووپێکی به‌دکار وه‌سف کرد که هه‌ڕه‌شه له ئاسایشی ئه‌مه‌ریکا ده‌کات و کوتی ئه‌مه‌ریکا پێویسته پارێزگاری له خۆی بکات. ئه‌و کوتی داعش ده‌بێت زه‌بری لێ بوه‌شێنین و زه‌بریشی لێده‌وه‌شێنن.
جێگری سه‌رۆکی کومیته‌ی زانیاری نه‌هێنی سه‌ر به سنێتی ئه‌مه‌ریکا، سناتۆر دایان فه‌ین شته‌ین Diane Feinstein له ده‌میکدا یه‌ک شه‌مه له پرۆگرامی ' میت دێ پرێس' ی ته‌له‌ڤزیۆنی ئێن بی سی دا ئاماده بوو، ده‌ڵێت:
" ئه‌گه‌ر ئێوه به ڕاستی مه‌به‌ستتانه هێزه‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی کردار به کار بێنن بۆ ئه‌وه‌ی خێرا بچن و خیرا بێنه ده‌ر، ئه‌وه ده‌بێت له ڕێگایه‌کی هه‌مه لایه‌نه بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی زه‌بر له داعش بده‌ی. ته‌نیا یه‌ک دامه‌زراوه نیه، ته‌نیا خانووبه‌ره‌یه‌ک له شار ڕه‌قه یان شوێنی تر نیه، داعش گه‌لێک جێگای جیاوازی هه‌یه. بیرۆکه‌یه‌کی تر که وێده‌چێت بێته گۆڕێ ئه‌وه‌یه که بۆمباران کردن ناتوانێت به ته‌نیا ئه‌و کاره بکات."
ئه‌و خانمه پیشنیاری ستراتژیکی هاوئاهه‌نگ له گه‌ڵ رووسیا بۆ شکست دانی داعش له سوریا دا ده‌کات.
ئه‌ندامی کونگریس پیتر کینگ Peter King له پارتی کومار و ئه‌ندامی کومیته‌ی ئاسایشی نیشتمانی له چاوپێکه‌وتنێکی ته‌له‌ڤزیونی ئه‌ی بی سی پی داده‌گریت که هێرشه‌کانی ئاسمانی هاوپه‌یمانان به ڕێبه‌ری ئه‌مه‌ریکا کاریگه‌ری نه‌بووه.
"پێم وانیه که سه‌رۆک به بوونی هێزه‌کان له گوره‌پانی شهر کاری پێویستی ئه‌نجام دابێت بۆ ئه‌وه‌ی وا بکات هێرشه‌کانی ئاسمانی کاریگه‌ریان هه‌بێت."
ئادم شیڤ Adam Schiff ئه‌ندامی کونگره له پارتی دێمۆکڕات، ئه‌ندامی کومیته‌ی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران سه‌باره‌ت به زانیاری نه‌هێنی یه‌ک شه‌مه له سه‌ر ته‌له‌ڤزیونی ئه‌ی بی سی کوتی که گۆڕه‌پانی شه‌ڕ له سوریا چالاک نیه و کاری زیاتر ده‌بیت ئه‌نجام بدرێت. ئه‌و هوشداری ده‌دات که شه‌ڕ له دژی داعش بۆی هه‌یه هه‌تا 20 ساڵی تر بگرێت.
به‌ڵام، ئاژانسی ڕۆیتێرز ڕاپۆرت ده‌کات که هێرشه‌کانی ئاسمانی به پێشه‌نگی ئه‌مه‌ریکا هه‌م له سوریا و هه‌م له عیراق له ماوه‌ی هه‌شت ڕۆژی رابردوودا، زیاتر بوه که 60 رۆژان دریژه‌ی هه‌بوو و 6ی ئه‌م مانگه کۆتایی پێ هاتووه. هه‌ینی، وتهبیژێکی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریکا کوتی چه‌ندین کرداری ده‌ستبه‌جێ وای کردووه له چه‌ندین به‌ره دا گوشار بخرێته سه‌ر داعش.