ئەمەریکا بۆ یەکەم جار لە دەریایی ناوەڕاستەوە بە فڕۆکە لە داعش دەدات

هێزی دەریایی ئەمەریکا دەڵێت فڕۆکەی جەنگی وڵاتەکەیان لە کەشتیـیەکی فڕۆکە هەڵگریان لە دەریای ناوەڕاستەوە هەستاون و هێرشیان کردووەتە سەر داعش. ئەمەش یەکەم جارە لەوەتای شەڕی عێراق لە ساڵی 2003 فڕۆکەی ئەمەریکایی لەسەر کەشتی فڕۆکە هەڵگر لە دەریای ناوەڕاستەوە هەستێت بۆ بۆردومانکردن لە ناوچەکە.

بەپـێی کاربەدەسـتانی هێزی دەریایی فڕۆکەکان ئەمڕۆ هەینی لەسەر کەشتی فڕۆکە هەڵگری USS Harry S Truman وە هەستاون، پاش ئەوەی کەشتیـیەکە لە ڕێکەی کەناڵی سویسەوە گەیشتووەتە دەریای ناوەڕاستەوە. بەڵام کاربەدەسـتەکان باسیان لەوە نەکرد ئایا لە سوریا یان لە عێراق هێرشەکان ئەنجامدراون و هەروەها ئامانجەکانیشیان چی بوون. بەڵام پـێدەچێت لە سوریا لە داعشیان دابێت بەو پـێـیەی سوریا لەسەر دەریاکەیە و هەروەها لە ئێسـتادا ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی مەنبج لە ئارادایە.

کاربەدەسـتێـکی گەورەی دەریایی ئەمەریکا گوتی ئەم هەنگاوە سەلماندی کەشتیـیەکە دەتوانێت بە ئەرکەکان هەستێت تەنانەت ئەگەر لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە بجوڵێت.

کەشتی فڕۆکە هەڵگری USS Harry S Truman و چەند کەشتیەکی دیکەی بچوک لەگەڵی پـێشـتر لە نێو هێزی پـێـنجەمی دەریایی ئەمەریکا کە لە کەنداو جێگیرە، بەشداریـیان لە شەڕی دژی داعش کردووە و هاوکات لەگەڵ کەشتی فڕۆکە هەڵگری فەڕەنسایی Charles de Gaulle پـێکەوە کاریان کردووە.