کۆشکی سپی: هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ' زۆر بە جددی ' وەردەگرین

بنکەی عەین ئەل ئەسەد، عێراق

کۆشکی سپی دەڵێت ئەمەریکا هێرشەکەی کۆتایی هەفتەی ئەو گروپە چەکدارییانەی کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات بۆ سەر بنکەیەک لە عێراق کە میوانداری هێزەکانی ئەمەریکا دەکات " زۆر بە جددی " وەردەگرێت.

جێگری ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن فینەر لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ پڕۆگرامی This Week ی کەناڵی ئەی بی سیدا وتی " ئەوە هێرشێکی زۆر جددی بوو، بەکارهێنانی توانای موشەکی باڵیستیکی هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە."

فینەر وتی " وەڵام دەدەینەوە، ئەوەش لە پێناو دروستکردنی ڕێگرییەکدا لەم بارودۆخانەدا، هەروەها لە پێناو لێپێچینەوە لەم گروپانە کە بەردەوامن لە هێرشکردنە سەرمان."

سوپای ئەمەریکا وتی درەنگانێکی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو " چەندین موشەکی باڵیستیکی و ڕۆکێت " لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە ئاڕاستەی بنکەی ئاسمانی ئەل ئەسەدی ڕۆژئاوای عێراق کران، بەهۆیەوە عێراقییەک بووە قوربانی و ئەگەری هەیە سەربازانی ئەمەریکاییش بووبێتنە قوربانی.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی زۆربەی ئەو ڕۆکێتانەی کە ئاڕاستەی بنکەکە کراون لە ڕێی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە بەرپەرچ دراونەتەوە.

بەکارهێنانی موشەکی باڵیستیکی ئاماژەیەکە لەسەر پەرەسەندنی هێرشەکان، کە پێشتر بە ڕۆکێت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاسایی ئەنجام دراون.

فینەر وتی " دڵنیاتان دەکەمەوە ئێمە ئەمە زۆر بە جددی وەردەگرین."

لە ناوەڕاستی مانگی 10 ەوە، دەیان هێرشی موشەکی و ڕۆکێت کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا. ئەمەریکا نزیکەی 2,500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سوریادا هەیە، ئەرکی ئەو هێزانە شان بە شانی هێزەکانی هاوپەیمانان ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکانی وەکو ڕێکخراوی داعشە.

زۆربەی هێرشەکان، بە هێرشەکەی ڕۆژی شەممەشەوە، " بەرەی بەرهەڵستکارانی عێراق " بەرپرسیارێتی لەسەرییان ڕاگەیاندووە. بەرەی بەرهەڵستکاران پێکهاتوون لەو گروپە چەکدارییانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت و دژی پشتیوانییەکانی ئەمەریکان بۆ ئیسڕائیل لە جەنگەکەیدا دژی حەماس لە غەززە.

زیادبوونی هێرشە موشەکییەکان لە سوریا و لوبنان و عێراق و یەمەن ترس و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پەرەسەندنی جەنگەکەی ناو غەززە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر کردووە، ئێران و هاوپەیمانەکانی ڕووبەڕووی ئیسڕائیل و ئەمەریکا کردووەتەوە.

ئێران ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە پێنج فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشێکی موشەکیدا بۆ سەر خانوویەک لە دیمەشق کوژراون، هێرشەکەشی خستە پاڵ ئیسڕائیل. سەرچاوە ئاسایشییەکانیش لە لوبنان وتییان لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا ئەندامێکی حیزبوڵا کوژراوە. ئیسڕائیل لێدوانی لەسەر هیچ کام لە هێرشەکان نەداوە.