ئەفغانستان: تاڵیبان تاوتوێی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانی کردووە لەگەڵ ئەمەریکادا

وتەبێژی حکومەتەکەی تالیبان زەبیحوڵا موجاهید

وتەبێژێکی حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان وتی دوو زیندانیکراویی ئەمەریکایی لە ئەفغانستان دەستبەسەرکراون و " ئاڵوگۆڕکردنییان " بەو ئەفغانییانەی کە لە گوانتانامۆ بەی گیراون لەگەڵ ئەمەریکادا تاوتوێ کراوە.

وتەبێژی حکومەتەکەی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید ناوی زیندانییە ئەمەریکاییەکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام ژنێکی ئەمەریکایی لە نێو ئەو کارمەندانەی ڕێکخراوێکی ناحکومی نێودەوڵەتیدا بوو کە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو لەلایەن بەرپرسانی تاڵیبانەوە دەستگیرکرا، هەروەها کارمەندی یارمەتییە مرۆییەکان ڕایان کۆربێتیش لە ساڵی 2022 ەوە لە ئەفغانستان دەستبەسەرە.

موجاهید لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابوڵ وتی " دەبێت بتوانین هاووڵاتییانمان ئازاد بکەین لە ئاڵوگۆڕکردنێکدا، چونکە هاووڵاتیانی ئەمەریکا گرنگن بەلای ئەمەریکاوە، هەروەکو چۆن ئەفغانییەکان گرنگن بەلای ئێمەوە."

وتیشی گفتوگۆکان لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان لەگەڵ نوێنەرانی ئەمەریکادا لە گفتوگۆکانی قەتەڕدا تاوتوێ کراون، کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی کردووە.

گفتوگۆکان کە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و تاڵیبان و شاندە تایبەتەکانی بۆ ئەفغانستان پێکەوە کۆکردەوە، ڕۆژی دووشەممە کۆتایی هات.

موجاهید وتی " دوو هاووڵاتی ئەمەریکایی لە ئەفغانستان زیندانیکراون." وتیشی زیندانییە ئەفغانییەکانیش لە ئەمەریکا زیندانیکراون، لەو زیندانە نهێنییەی ئەمەریکاشدا لە کوبا.

وتی " پێشتر لەگەڵ ئەمەریکادا گفتوگۆمان کردووە لەسەر ئازادکردنییان، دەبێت مەرجەکانی ئەفغانستان پەسەند بکرێن."

ژنێکی ئەمەریکایی لە نێو لانیکەم 18 کارمەندی ڕێکخراوی ناحکومی ئەرکی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکاندا بوو کە بە تۆمەتی کاری بانگخوازیکردن بۆ کریستیانێتی دەستگیرکراون.

لە مانگی شەشدا نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا و وتی " ژیانی ڕایان کۆربێت ڕەنگە لە مەترسیدا بێت " و داوای لە تاڵیبان کرد " دەستبەجێ ڕێگەی بدەن دەستی بگات بە چارەسەری تەندروستی بۆ تەندروستییە خراپەکەی."

لە دوای گرتنەوەی دەسەڵاتی ئەفغانستان لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 دا، دەیان بیانی لەلایەن بەرپرسانی تاڵیبانەوە دەستگیرکراون.

زۆرێک لە وڵاتان بە ئەمەریکاشەوە هۆشدارییان داوە دژی گەشتکردنی هاووڵاتییانیان بۆ ئەفغانستان و وتوویانە مەترسی دەستگیرکردن و توندوتیژی و ڕفاندنییان لەسەر دەبێت.

لانیکەم یەک زیندانی ئەفغانی هێشتا لە گوانتانامۆ بەی ماوەتەوە، محەمەد ڕەحیم، کە لە مانگی یانزەدا خێزانەکەی داوای ئازادکردنییان کرد.

لە مانگی دوودا دوو زیندانی پێشوو کە پێشتر تاوەکو ساڵی 2017 لە گوانتانامۆ بەی گیرابوون، لە ئەفغانستان پێشوازییان لێکرا، زیاتر لە بیست ساڵ دوای دەستگیرکردنییان.

عەبدولکەریم و عەبدولزاهیر گواسترانەوە بۆ عومان و لەوێ تاوەکو ئازادکران لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەر بوون.

ئەوان لە نێو سەدان چەکداردا بوون کە هێزەکانی ئەمەریکا دەستگیرییان کردبوون و لە گوانتانامۆ بەی زیندانیکرابوون.

بەرپرسانی ئەمەریکا ڕووبەڕووی تۆمەتی ئەوە بوونەوە ئەشکەنجەی زیندانییانی گوانتانامۆ بەییان داوە. زۆربەی زیندانییەکان لە زیندانە سەربازییەکاندا لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا ئازاد کراون، بە سەرکردە باڵاکانی تاڵیبانیشەوە.

حکومەتی ئەمەریکا چەندین ساڵە دەڵێت کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی دەستبەسەرکراوەکان و دواجار داخستنی گوانتانامۆ بەی، کە دەکەوێتە سەر دوورگەیەکی کوبا، بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی ئەمەریکادایە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس