ئەمەریکا بە هاووڵاتیانی وت دەستبەجێ ڕووسیا جێبهێڵن، ئەوەش بەهۆی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا و مەترسیی دەستبەسەرکردنیان بەبێ هۆکار و بێزارکردنیان لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی ڕووسیاوە.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ وتی " ئەو هاوڵاتیانەی ئەمەریکا کە لە ڕووسیا دانیشتوون یاخود گەشت بۆ ڕووسیا دەکەن دەبێت دەستبەجێ ئەو وڵاتە جێبهێڵن. زیاتر ئاگاداری خۆتان بن بەهۆی مەترسی دەستبەسەرکردنی هەڵەوە."
باڵیۆزخانەکە وتیشی " گەشت بۆ ڕووسیا مەکەن."
ئەمەریکا چەندین جار هاوڵاتیانی ئاگادار کردۆتەوە و پێی ڕاگەیاندوون ڕووسیا جێبهێڵن. دوایین ئاگادار کردنەوە لە مانگی نۆدا بوو دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن فەرمانی بە کۆکردنەوەی سەرباز کرد.
باڵیۆزخانەکە وتیشی " دەزگاکانی ئاسایشی ڕووسیا بە تۆمەتی ساختە هاوڵاتیانی ئەمەریکییان دەستبەسەر کردووە، ئەمەریکییەکانی ناو ڕووسیا دەکەنە ئامانجی دەستبەسەرکردنەکان و بێزارکردن، مافی مامەڵەکردنێکی ڕوون و دادپەروەرانەیان لێدەسەننەوە، لە دادگای نهێنیشیدا و بەبێ بوونی بەڵگەی متمانەپێکراو تاوانبارییان دەکەن."
وتیشی " بەرپرسانی ڕووسیا هانی دەزگا ئاسایشییەکانی ناوخۆ دەدەن دژی هاووڵاتییە ئەمەریکییە دینییەکان بجوڵێن و لێکۆڵینەوەی تاوانی گومانلێکراوییان دژی ئەو هاوڵاتییە ئەمەریکییانە دەستپێکردووە کە بەشداری چالاکییە دینییەکان دەکەن."
لە مانگی یەکدا دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵ وتی ڕووسیا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دۆسییەکی تاوانی دژی هاوڵاتییەکی ئەمەریکی کردۆتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز