ئەمەریکا فرۆشتنی پێداویستی پێشکەوتووی دروستکردنی چیپ بە چین قەدەغە دەکات

بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کۆمەڵێک کۆتوبەندی نوێی سەپاندووە بەسەر هاودەکردندا بۆ چین، فرۆشتنی نیمچەگەیەنەری پێشکەوتوو و میمۆری کۆمپیوتەری بە چین قەدەغە کردووە.

یاسا نوێیەکان فرۆشتنی 24 جۆری جیاوازی کەلوپەل و سێ ئامڕازی سۆفتوێر قەدەغە دەکەن، سەرجەم ئەوانەش بەکاردەهێندرێن بۆ دروستکردنی نیمچەگەیەنەری پێشکەوتوو، کە خێراترین و کاریگەرترین چیپە لە بازاڕدا.

هاوکات حکومەتی ئەمەریکا 140 کۆمپانیای زیادکردووەتە سەر لیستێکی ئەو لایەنانەی کە کۆمپانیا و لایەنە ئەمەریکاییەکان قەدەغەکراوە لەسەرییان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەش لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی ناوخۆی نیمچەگەیەنەردان لە چین. بە گشتی، هەناردەکردنی تەکنەلۆجیایەکی دیاریکراو بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە لەو لیستەدان پێویستی بە مۆڵەتێک دەبێت لە حکومەتی فیدڕاڵەوە.

سزاکان ئامانج لێیان ڕێگریکردنە لە چین لە دروستکردنی نیمچەگەیەنەری پێشکەوتوویی تایبەت بە خۆی، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکانەوە لەسەر ئەوەی کە ڕەنگە چین ئەو نیمچەگەیەنەرانە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ژیری دەستکرد بخاتە نێو هاردوێری سەربازیی و ئامڕازە پێشکەوتووەکانی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵایەتییەوە.

باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن لە بەیاننامەیەکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا سەرکۆنەی سزاکانی کرد.

وتی " چین بە توندی دژایەتی ڕێوشوێنە نوێیەکان دەکات لەسەر نیمچەگەیەنەرەکان. بڕیارەکە زۆرەملێیەکی ئابوورییەوە و کارێکی نابازاڕییە."

وتیشی چین " ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانی."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا