ئەمەریکا کەشتی و فڕۆکەی جەنگی زیاتر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند سوپای ئەمەریکا فڕۆکەی شەڕکەری زیاتر و کەشتی جەنگی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، لە کاتێکدا کە واشنتن هەوڵ دەدات بەرگرییەکانی پتەوتر بکات دوابەدوای هەڕەشەکانی ئێران و حەماس و حزبوڵای هاوپەیمانی.

ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات دوای ئەوەی ئێران بەڵێنیدا وەڵامی کوژرانی سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە بداتەوە، کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە تاران کوژرا.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن ڕەوانەکردنی کەشتی و کەشتی تێکشکێنەری زیاتری پەسەند کردووە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، کە دەتوانن موشەکە باڵیستیکییەکان بخەنە خوارەوە.

هەروەها یەکەیەکی دیکەش لە فڕۆکە شەڕکەرەکان ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی " ئۆستن فەرمانیکردووە بۆ گۆڕانکاریکردن لە پێگەی سەربازیی ئەمەریکادا کە مەبەست لێی پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکایە، هەروەها زیادکردنی پشتیوانییەکان لە بەرگری ئیسڕائیل، هەروەها دڵنیاییدان لەوەی کە ئەمەریکا ئامادەیە وەڵامی چەندین دۆخی بەپەلەی جیاواز بداتەوە."

وتیشی ئامادەباشی خۆی زیاتر دەکات بۆ ڕەوانەکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی زیاتر.

کۆشکی سپی وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا تاوتوێی ڕێوشوێنە نوێیەکەی سوپای ئەمەریکایان کردووە بۆ پستیوانیکردن لە ئیسڕائیل دژی مەترسییەکانی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز