ئەمەریکا بەنیازە 750 ملیۆن دۆلاری دیکە لە چەکدا بۆ ئۆکرانیا تەرخان بکات

دوو بەرپرسی ئەمەریکا کە نزیکن لە بابەتەکەوە وتیان پێشبینی دەکرێت بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی چوارشەممە 750 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ ئاسایشی ئۆکرانیا تەرخان بکات، ئەوەش بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە شەڕەکەیدا دژی هێزەکانی ڕووسیا.

ڕەوانەکردنی کەلوپەلە سەربازییەکان بەپێی دەسەڵاتێکی سەرۆکایەتی تایبەت دەبێت کە تیایدا سەرۆکی ئەمەریکا دەتوانێت مۆڵەتی گواستنەوە و خزمەتگوزارییەکانی ئەمەریکا بدات بەبێ ئەوەی پێویست بکات کۆنگرێسی ئەمەریکا پەسەندی بکات.

یەکێک لە بەرپرسەکان وتی هێشتا دوایین بڕیارەکان سەبارەت بە جۆری کەلوپەلەکان کارییان لەسەر دەکرێت.

بەرپرسێکی باڵای کۆنگرێسی ئەمەریکا وتی ئەو چەکانەی ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکرێن ڕەنگە سیستمی تۆپهاوێژی قورس بگرێتەوە، لەوانەش هاویتزەر.

هەفتەی ڕابردوو کۆشکی سپی وتی لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا ئەمەریکا زیاتر لە 1.7 ملیار دۆلاری بۆ یارمەتیدانی ئاسایشی ئۆکرانیا خەرج کردووە. بەرپرسەکەی کۆنگرێسی ئەمەریکا وتی هەندێک لە یاسادانەرانی ئەمەریکا لە ماوەی 24 کاتژمێردا بڕیاری ڕەوانەکردنی چەکەکانیان بۆ ئۆکرانیا پێ ڕاگەیەندراوە. پێشبینیش دەکرێت لە 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوودا ڕابگەیەندرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز