ئەمەریکا هەوڵی لابردنی ڕووسیا دەدات لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان

ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا ڕایگەیاند دەیەوێت نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووسیا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لاببات، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو تاوانانەی کە لە ئۆکرانیا ئەنجامدراون.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد وتی " بەشداربوونی ڕووسیا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤدا شتێکی کۆمیدییە، ڕاستیش نیە، لەبەر ئەوەیە باوەڕمان وایە ئێستا کاتی ئەوەیە نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر لابردنی بدات."

داواکەی باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لابردنی ڕووسیا لە ئەنجومەنەکەدا لە تۆمەتەکانی ئۆکرانیاوە سەرچاوەی گرتووە کە دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا دەیان هاوڵاتی مەدەنییان لە شارۆچکەی بوچا کوشتووە.

ئۆکرانیا دەڵێت لێکۆڵینەوە لە کوشتارییەکان دەکات، ڕووسیاش ڕەتی دەکاتەوە دەستی هەبووبێت تیایاندا.

لابردنی ڕووسیا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤدا پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی 193 ئەندامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە.

ئەنجومەنەکە کە بارەگاکەی لە جنێڤە، زیاتر ئەنجومەنێکی سیمبولییە، بەڵام دەتوانێت مۆڵەت بدات بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان لە مافەکانی مرۆڤدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا