ئەمەریکا: لە ڕووداوێکی هەلیکۆپتەردا لە سوریا 22 سەربازی ئەمەریکایی بریندار بوون

سوپای ئەمەریکا دەڵێت بەهۆی ' ڕووداوێکی نەخوازراوی ' فڕۆکەیەکی هەلیکۆپتەرەوە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا 22 سەربازی ئەمەریکی بریندار بوون، بەڵام ئاماژەی بە هۆکاری ڕووداوەکە یاخود سەختی برینەکانی سەربازەکان نەدا.

سەرکردایەتی سەربازیی ناوەندی ئەمەریکا وتی 10 سەرباز گواستراونەتەوە بۆ دامەزراوە تەندروستییەکانی دەرەوەی ناوچەکە.

سەرکردایەتی ناوەند کە سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وتی هیچ هەواڵێک نییە لەسەر ئەوەی تەقەی دوژمن هەبووبێت، بەڵام لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە دەکرێت.

بەرپرسانی سەرکردایەتی سەربازیی ئەمەریکا وەڵامی داواکانییان نەداوەتەوە بۆ خستنەڕووی زانیاری دیکە.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێن و خاکێکی بەرفراوانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان لە ژێر دەستدایە، کاتێک لەسەر ڕووداوەکە پرسیارییان لێکرا، پرسیارەکانییان ئاڕاستەی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا کرد کە لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییەدا سەربازەکانی ئەمەریکا ڕەوانەی ئەو ناوچەیە کراون.

بەڕێوبەرایەتی خۆسەری بە ڕابەرایەتی کوردەکان کە فەرمانڕەوایی ناوچەکە دەکات و حکومەتی دیمەشق لێدوانییان لەسەر ڕووداوەکە نەداوە.

نزیکەی 900 سەربازی ئەمەریکا لە سوریادا جێگیر کراون، زۆربەیان لە ڕۆژهەڵاتی سوریان، ئەوەش وەکو بەشێک لە ئەرکەکانی دژ بەو چەکدارانەی داعش کە هێشتا لە ناوچەکەدا ماونەتەوە. لەم ساڵانەی دواییدا هێزەکانی ئەمەریکا ڕووبەڕووی هێرشی بەردەوامی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران بوونەتەوە.

لە مانگی سێدا لە هێرشێکی ئاسمانی و هێرشێکی ئاسمانی بەرپەرچدانەوەدا لە سوریا 25 سەربازی ئەمەریکایی بریندار بوون، بەڵێندەرێکی ئەمەریکایی و کەسێکی دیکەش کوژران.

لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا باراک ئۆبامادا هێزەکانی ئەمەریکا بۆ یەکەمین جار ڕەوانەی سوریا کران لە هەڵمەتەکەی دژ بە ڕێکخراوی داعشدا، هاوپەیمانی هێزەکانی سوریای دیموکراتن کە کوردەکان ڕابەرایەتی دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز