وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی وڵاتەکەی ڕەوانەکردنی ئامێرەکانی پەیوەست بە فڕۆکەی ئێف 35 ەوە بۆ تورکیا ڕاگرتووە، ئەمەش یەکەمین ڕێوشوێنی ئەمەریکایە بۆ ڕێگەگرتن لە گەیشتنی ئەم جۆرە فڕۆکانە بۆ تورکیا بەهۆی ئەوەوە کە تورکیا بەنیازە سیستمی بەرگری موشەکی ڕوسی بکڕێت.
دوو سەرچاوەی نزیک بە ڕۆیتەرزیان وت بەرپرسانی ئەمەریکا بە هاوتا تورکییەکانیان وتووە ئامێرەکانی پەیوەست بە فڕۆکەی ئێف 35 وەرناگرن.
پێنتاگۆنیش ئەو هەواڵەی پشت ڕاستکردەوە. وتەبێژی پێنتاگۆن مایک ئاندروز وتی " تاوەکو تورکیا بڕیارێک نەدات سەبارەت بە دەستبەرداربوونی لە سیستمی بەرگری موشەکی ئێس 400 ی ڕوسی، ئێمە ئامێرەکانی پەیوەست بە فڕۆکەی ئێف 35 ڕەوانەی تورکیا ناکەین."
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ڕەتی دەکاتەوە پاشگەزبێتەوە لە پلانەکانی بۆ کڕینی سیستمی ئێس 400 ی ڕوسی کە ئەمەریکا دەڵێت ئەو سیستمە ئاسایشی فڕۆکەکانی ئێف 35 لەناودەبات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز