ئەمەریکا هەوڵ دەدات تورکیا قایل بکات دەسـتبەرداری سیستەمی S-400 ی ڕووسیا بێت

تینا کایدناو بریکاری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسی و لەشکری

کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرایکرد وڵاتەکەی هەوڵ دەدات تورکیا قایل بکات دەسـتبەرداری کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی S-400 ی ڕووسیایی بێت و لە بەرامبەردا واشنتن سیستەمی بەرگری موشەکی پاتریۆتی ئەمەریکایی پـێبفرۆشێت.

تینا کایدناو بریکاری جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری سیاسی و لەشکری ڕۆژی دووشەممە لە پـێشەنگای فڕۆکەوانی فارنبرۆی بەریتانیا ئەمەی بۆ ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاند و گوتی "کاربەدەستانی ئەمەریکا هەوڵ دەدەن بیرۆکەیەک بە تورکەکان بدەن کە چی دەتوانین بکەین لە بارەی پاتریۆتەوە."

گوتیشی واشنتن نیگەرانە لەوەی هاوپەیمانانی ئەمەریکا یچن سیستەمی ڕووسیایی بکڕن، ئەمەش وەها لە ڕووسیا دەکات هەندێک لە ڕەفتارە خراپەکانی زیاتربکات، وەک ئەوەی لە ناوچەی جیاجیاکان بەدیکراوە، لەوانە ئەوروپا.

باسی لەوەش کرد واشنتن دەیەوێت مسۆگەری بکات ئەو سیستەمانەی هاوپەیمانانی دەستیاندەکەوێت دەبێت پشتیوانی لە پەیوەندی ستراتیجی نێوان ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بکەن. گوتیشی لەم حاڵەتەی تورکیا پاتریۆتە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە تورکیا لە ساڵی 2013 هەوڵی دا سیستەمێکی بەرگری موشەکی لە وڵاتی چین بکڕێت، بەڵام دواتر پاشگەزبووەوە و ڕووی لە ڕووسیا کرد بۆ کڕینی سیستەمی S-400 . ئەمەریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ نیگەرانیان لە بارەی ئەم دوو هەوڵەی تورکیا دەربڕیوە.