دەنگدەرانی ئەمەریکایی و بەریتانیایی ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی هاوبەشییان هەیە

لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکاندا لە ئەمەریکا و بەڕیتانیا، بێمتمانەیی دەنگدەران بە سەرکردەکانییان دەردەکەوێت، بڕیاریشە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بەڕیتانیا لە 4 ی مانگی چواردا بەڕێوەبچێت.

لەو ڕۆژەدا، دەنگدەرانی بەڕیتانیایی لە هەڵبژاردنەکەدا پەرلەمانێکی نوێ هەڵدەبژێرن، پێشبینی دەکرێت پارتی کاری بەڕیتانیا دوای 14 ساڵ لە سەرکەوتنی پارێزگاران، سەرکەوتن بە دەستبهێنێت. ئەمەریکاییەکانیش لەو لاوە، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەش بوون بە کێبڕکێکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و دانۆڵد ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان، یادی ڕۆژی سەربەخۆیی دەکەنەوە.

کۆمەڵە شتێکی زۆر هەن لە چواری مانگی حەوتدا ئاهەنگییان بۆ بگێڕدرێت لە ئەمەریکای گەورەترین دیموکراسی و بەڕیتانیا، 248 ساڵ دوای ئەوەی جیابوونەوە و دەستییان کرد بە گەشتەکانییان بەرەو پێدانی مافی دەنگدان بە سەرجەم دانیشتوانەکانییان. هەردووکییان لە بەڵگەنامەی ئینگلیزی ماگنا کارتادا ماونەتەوە کە لە ساڵی 1215 دا واژۆ کراوە. لەو بەڵگەنامەیەدا ئاماژە بەوە دراوە کە پاشا و سەرۆکەکان و حکومەتەکانیش لەسەروو یاساوە نین. دوو وڵاتەکە بوونە هاوڕێ و هاوپەیمانێکی نزیکی یەکتر.

بەوشێوەیە دەستیپێکرد، بەڵام سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەچوونی لە ئێستادا، 4 ی مانگی حەوتی ساڵی 2024 ڕۆژی سەربەخۆییە لە ئەمەریکا و ڕۆژی هەڵبژاردنە لە بەڕیتانیادا.

جاکلین ڕیچاردسی تەمەن 77 ساڵ کە دانیشتوی دارتفۆرد ئینگلاندە، وتی " من زۆر دڵگرانم، بە ڕاستی، چونکە پێم وانیە هیچ کام لە پارتەکان دەزانن کە خەریکی چین. بەڵام دواتر کە سەیری ئەمەریکاکەی تۆش دەکەم، زۆر باش نیە وایە؟"

سەرجەم هەڵبژاردنێکی دیموکراسی، لە ناوەڕۆکدا لەسەر ئەوەیە کە دەنگدەران متمانە بە کێ دەکەن تاوەکو وڵاتەکەیان بەڕێوەببات و بتوانن ژیانی خۆیان بگوزەرێنن.

بێ متمانەیی خەڵک لە هەردوو وڵاتەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دیارە، ئەمەش بەپێی چاوپێککەوتنەکانی دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس لەگەڵ دەنگدەرانی هەردوو وڵاتەکەدا. دەنگدەران دەڵێن زانیاری نادروست و پڕوپاگەندەی ئابڕووبەرە و درۆ، گەشبینی و هەستکردنیان بە خۆشی بە دەنگەکانییان نەهێشتووە.

بەپێی ڕاپرسییەکی ناوەندی نیشتیمانی بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی کە لە 12 ی مانگی شەشدا بڵاوکرایەوە، لە بەڕیتانیا، نزیکەی لە سەدا 45 ی دەنگدەران وتییان " هەرگیز " متمانە بە حکومەتەکان ناکەن کە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکە لە پێش هەموو شتێکی ترەوە دابنێن، لە ساڵی 2019 دا ئەو ڕێژەیە لە سەدا 34 بووە. پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و جەنگەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و گرانی کاریگەرییان لەسەر شێوازی ژیانکردن و ئابووری دروست کردووە. دوو سەرۆک وەزیری پارتی پارێزگاران لە بەڕیتانیا دوورخرانەوە.

کایەر ستارمەری سەرکردەی پارتی کاری ئۆپۆزسیۆنی بەڕیتانیا لە 27 ی مانگی پێنجدا لە مشتومڕێکدا وتی دەنگدان بۆ دوورخستنەوەی حکومەتە پارێزگارەکە لەسەر دەسەڵات پێویست ناکات دەنگێک بێت بۆ پارتی کار. وتی " دەنگدەران هێشتا پرسیارییان هەیە لەسەر ئێمە: ئایا پارتی کار ئەوەندە گۆڕاوە؟ ئایا متمانەیان پێدەکەم پارەکەمییان بدەمێ؟ سنوورەکەمییان بدەمێ؟ ئاسایشمانی بدەمێ؟"

وەڵامەکەی ستارمەر بۆ خۆی بەڵێ بوو، بەڵام دەنگدەرانی بەڕیتانیایی لە چاوپێککەوتنەکاندا بە ئەسۆشیەتد پرێسییان وتووە کە بە هیچ شێوەیەک دڵنیا نین.

شەین باسێتی تەمەن 34 ساڵ لە دارتفۆرد وتی " بەڵێن دەدەن و بەڵێن دەدەن و بەڵێن دەدەن و هیچ شتێکیش هەرگیز ناگۆڕێت. گرنگ نیە کێ دەچێتە سەر دەسەڵات، ئەگەر کار بێت یان پارێزگاران، هەموویان وەکو یەکن، هەموویان درۆ دەکەن."

هاوکات لە ئەمەریکا، بەپێی ڕاپرسییەکی ساڵی 2023 ی ئەسۆشیەتد پرێش نۆرک، نزیکەی سێ چارەکی ئەمەریکاییە پێگەیشتووەکان دەڵێن دەزگا هەواڵییەکان بەرپرسن لە خستنەوەی دووبەرەکی لە وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ AP