سەرکردەکانی هەواڵگری ئەمەریکا و بەڕیتانیا داوای ' مانەوە لەسەر ئاڕاستەکە ' دەکەن سەبارەت بە ئۆکرانیا

بەڕێونەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیام بێرنس

سەرکردەکانی دەزگاکانی هەواڵگری ئەمەریکا و بەڕیتانیا ڕۆژی شەممە لە نوسراوێکدا لە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزدا وتییان " مانەوە لەسەر ئاڕاستەکە " لە پشتیوانیکردنی شەڕەکەی ئۆکرانیادا دژی ڕووسیا لە هەموو کات زیاتر گرنگترە و بەڵێنییاندا هاریکارییەکانییان لەو بارەیەوە زیاتر بکەن.

بەڕێونەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیام بێرنس و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نهێنی بەڕیتانیا ڕیچارد مۆر لە نوسراوەکەدا دەڵێن " هاوبەشییەکە بەندە بە دڵی پەیوەندییە تایبەتەکەی نێوان دوو وڵاتەکەمانەوە." وتیشیان دوو دەزگا هەواڵگرییەکەیان دوو ساڵ لەمەوبەر یادی 75 ساڵەی هاوبەشییەکەیان کردووەتەوە.

وتییان " دەزگاکان پێکەوە وەستاون لە بەرهەڵستیکردنی جەنگە دوژمنکارییەکەی پوتندا دژی ئۆکرانیا."

وتیشی " مانەوە لەسەر ئاڕاستەکە لە ئۆکرانیا زیاد لە هەموو کاتێک گرنگترە. پوتن سەرکەوتوو نابێت لە کوژاندنەوەی سەروەریی و سەربەخۆیی ئۆکرانیادا." وتیشی دەزگاکانییان بەردەوام دەبن لە یارمەتیدانی هەواڵگری ئۆکرانیا.

هێزەکانی ڕووسیا بە خاوی پێشڕەوی دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا و هێزەکانی ئۆکرانیاش کۆنتڕۆڵی خاکێکی بەرفراوانی هەرێمی کورسکی ڕووسیایان کردووە و کیێڤیش داوای سیستمی بەرگریی زیاتری ئەمەریکایی و ڕۆژئاوایی دەکات.

بێرنس و مۆر وتییان دەزگاکانییان بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ پوچەڵکردنەوەی " کەمپینە بێباکەکەی هەواڵگری ڕووسیا بۆ کاری تێکدەرانە لە سەرانسەری ئەوروپادا و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکاری تاوەکو دووبەرەکی بخاتە نێوانمانەوە."

ڕووسیا ڕەتی کردووەتەوە هەوڵی کاری تێکدەرانە و بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشەکاری دابێت دژی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز