سەرۆک ترامپ لە کۆشکی پادشایەتی بەریتانیا پـێشوازیـیەکی گەرمی لێدەکرێت

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە یەکەم ڕۆژی سەردانە سێ ڕۆژیـیەکەی بۆ بەریتانیا، پـێشوازیـیەکی گەرمی لێکرا لە کۆشکی بەکینگهامی پادشایەتی وڵاتەکە.

سەرۆک ترامپ و مەڵانیا ترامپ خانمی یەکەمی ئەمەریکا بە هەلێکۆپـتەرێک گەیشتنە ناو کۆشکەکە و لەوێ لەلایەن جێنشینی بەریتانیا شازادە چارلز و هاوسەرەکەی کامیلا پـێشوازیـیان لێکرا.

پاشان ئێلیزابێتی دووەم شاژنی بەریتانیا پـێشوازی لێکردن و هاوکات سروودی نیشتمانی هەردوو وڵات لێدرا.

دواتر شاژن نیوەڕۆخوانێکی بۆ سازکردن و کۆمەڵێک کاری هونەری نێو کۆشکی سەرۆکایەتی پـیشان دان.

بۆ ئێوارەش سەرۆک ترامپ و خانمی یەکەم سەردانی شازدە چارلز و هاوسەرەکەیان کرد لە شوێنی حەوانەوەیان لە کلارنس هاوس و لەوێش ئێوارە خوانێکیان بۆ سازبکرێت.

لە لایەکی دیکە ئۆفیسی سەرۆک وەزیری بەریتانیا ڕایگەیاند سبەی سێشەممە تێرێزا مەی لە بارەگای حکومەت لەگەڵ سەرۆک ترامپ کۆدەبێتەوە، بەڵام بە ئامادەبوونی کاربەدەستانی باڵا.

تێرێزا مەی لە 24 ی مانگی پـێنج گوتی لە 7 ی مانگی شەش دەست لەکاردەکێشێتەوە، پاش ئەوەی شکستی هێنا لە بەدیهێنانی ئەنجامی ڕیفراندۆمی چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.

سەرۆک ترامپ پـێشتر ڕەخنەی لە تێرێزا مەی گرت لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دانوستاندنەکانی بریئگزت لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و گوتی بۆریس جۆنسۆن کاندید بۆ سەرۆکایەتی پارتی پارێزگاران دەبێتە ڕێبەرێکی زۆر باش بۆ بەریتانیا.