سەرۆک بایدن سەرۆکی ئۆکرانیا دڵنیا دەکاتەوە لە پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئەو وڵاتە

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی دڵنیا کردەوە لە پابەندبوونی ئەمەریکا " بە سەروەری خاکی ئۆکرانیاوە، " ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمەریکا دەڵێت ئەگەری دوژمنکاری ڕووسیا دژی ئۆکرانیا نزیکە و دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشەکە ڕووبدات.

سەرۆک بایدن لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیادا کرد لەکاتێکدا بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن نیگەرانن لەوەی لەوانەیە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیاری هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بدات، ئەگەری هەیە هێرشەکە تاوەکو ڕۆژی چوارشەممە ئەنجام بدرێت.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی سەرۆک بایدن " ڕوونیکردۆتەوە بۆ زیلینسکی کە ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانیدا بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە و خێرا وەڵامی هەر دوژمنکارییەکی ڕووسیا بەرامبەر ئۆکرانیا دەدەنەوە."

بەڵام سەرۆک بایدن بەدووریزانیوە ئەمەریکا لە ڕوودانی هێرشی ڕووسیادا هێزی شەڕکەری ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا ڕەوانە بکات بۆ بەرگریکردن لەو وڵاتە، بەڵام بەڵێنیداوە " سزایەکی خێرا و توندی ئابووری بسەپێنێت بەسەر ڕووسیادا."

کۆشکی سپی وتی بایدن و زیلینسیکی " ڕێکەوتوون لەسەر گرنگی بەردەوامیدان بە دیبلۆماسیەت و بەربەست دانان لەبەردەم داگیرکاری ڕووسیادا." ئەمەش سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا هەوڵەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ پوتندا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان شکستیان هێناوە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان بە کەناڵی سی ئێن ئێنی وت ئەمەریکا ناتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کە ئایا ڕووسیا لەم هەفتەیەدا هێرش دەکات یاخود لە هەفتەی داهاتوودا کاتێک یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین تەواو دەبن، بەڵام " ئەگەرێکی ڕوون هەیە لەسەر ئەوەی کردەوەیەکی سەربازیی گەورە ڕووبدات."

لەکاتێکدا ئەمەریکا چەند مانگێکە هۆشداری دەدات لەسەر ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سۆلیڤان وتی " لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا مۆسکۆ زیادکردنی هێزەکانی لەسەر سنوورەکان خێراتر کردووە."

لە ئێستادا هێزەکانی ڕووسیا چواردەوری زۆرینەی سنوورەکانی ئۆکرانیایان داوە و زیاتر لە 130,000 سەرباز لە سنوورەکان جێگیرکراون، لە باکووری ئۆکرانیاوە کە بێلاڕووسە و لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاشەوە کە سنووری بە ڕووسیاوەیە، هاوکات کەشتی جەنگی لە دەریای ڕەش و نیمچە دورگەی کرێمیادا جێگیرکردووە.

سۆلیڤان وتی " ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی سزایەکی ستراتیژی توندی ئابووری دەسەپێنن بەسەر ڕووسیادا " ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا.

لەکاتێکدا ڕەتی کردۆتەوە هێزی سەربازی ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات، سەرۆک بایدن 5000 سەربازی ئەمەریکی ڕەوانەی ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانێتی ناتۆ کردووە کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە و نزیکن لە ڕووسیاوە. ئەوەش بەمەبەستی پتەوکردنی بەرگری ئەو وڵاتانە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا