تورکیا: ئەمەریکا 2 کەشتی جەنگی ڕەوانەی دەریای ڕەش دەکات

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند ئەمەریکا ئاگاداری کردوونەتەوە لەوەی 2 کەشتی جەنگی خۆی ڕەوانەی دەریای ڕەش دەکات لە ڕێگەی تەنگەی بۆسفۆرەوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتەکە ئەمڕۆ هەینی ئەمەی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاشکراکرد، گوتی ئەمەریکا لە ڕێگەی دیپـلۆماسـیەوە پـێش 15 ڕۆژ پـێی ڕاگەیاندوون 2 کەشتی جەنگی ئەمەریکایی لە 14 و 15 ی ئەم مانگە بە ئاڕاستەی دەریای ڕەش دەڕۆن لە ڕێگەی تەنگەی بۆسفۆرەوە، وە هەتا 4 ی مانگی پـێنج لە دەریای ڕەشدا دەمێننەوە.

بەپـێی پەیماننامەی مۆنترۆی سویسرای ساڵی 1936، وڵاتانی سەر دەریای ڕەش ئازادن لە هاتوچۆکردن بە تەنگەی بۆسفۆری تورکیا، بەڵام وڵاتانی دیکە دەبێت پـێشتر تورکیا ئاگاداربکەنەوە و لەگەڵ ئەوەش نابێت لە 21 ڕۆژ زیاتر لە ناو دەریای ڕەشدا بمێننەوە.

ناردنی ئەو کەشتیـیانە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژیـیەکانی نێوان ڕووسیا و ئوکرانیا لەسەر هەرێمی دۆنباسی ئوکرانیا کە لەوێ جوداخوازانی سەر بە ڕووسیا لە شەڕدان لە دژی حکومەتی ئوکرانیا.

ئوکرانیا مەترسی هەیە ڕووسیا بە بەهانەی پشتیوانیکردن لە جوداخوازان وەک نیمچە دورگەی کریمە هەرێمەکە داگیربکات.

پـێشتر دیمتری کوزاک، بەرپـرس لە سەرۆکایەتی ڕووسیا گوتویەتی ئەگەربێت و ئوکرانیا هێرشی گەورە بکاتە سەر جوداخوازان، ئەوا شیانی هەیە ڕووسیا بە هانای جوداخوازەکانەوە بچێت.