ئەمەریکا و ڤییێتنام تیشک دەخەنە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانییان

سەرۆکەکانی ئەمەریکا و ڤیێتنام ڕۆژی دووشەممە ستایشی ڕێککەوتنێکییان کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوانییان و باسییان لە ئەگەری پتەوکردنی بوژاندنەوەکان و وەبەرهێنانەکان کرد.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ماوەی کۆبوونەوەکەیدا لەگە سەرۆکی ڤیێتنام ڤۆ ڤان ثۆنگ لە هانۆی باسی لە قووڵکردنەوەی هاریکارییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە کرد لەسەر " ئەو بابەتانەی کە لەلایەن گەلەکانمانەوە گرنگترینن "، هەروەها وتی " زۆر سەرسوڕهێنەرە " چەند بە خێرایی و چەند دوور گەیشتووین."

ثۆنگ وتی ڕێککەوتنەکە " بۆنەیەکی زۆر گرنگە " و " پەڕەیەکی نوێ دەکاتەوە."

لە ماوەی ڕابردوودا بایدن لەگەڵ سەرۆک وەزیری ڤیێتنام فام مین چیندا کۆبووەوە و بەشدارییان لە کۆڕبەندێکی کاردا کرد کە لەوێ سەرۆک بایدن باسی لە قووڵکردنەوەی هاریکارییەکان کرد لەگەڵ ڤیێتنامدا، لەوانەش لە ڕووی نیمچە گەیەنەرەکان و ژیری دەستکرددا.

بایدن ئاماژەی بە " قۆناغێکی نوێدا " لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڤیێتنامدا و وتی پێویستە دوو وڵاتەکە بەردەوام بن لە هاوبەشییەکەیان.

بایدن وتی " پەیامی من ئەمڕۆ زۆر سادەیە، با بەردەوام بین."

جێی ئاماژەیە کۆشکی سپی گرێبەستێکی 7.8 ملیار دۆلاریی لە نێوان کۆمپانیای بۆینگ و هێڵی ئاسمانی ڤیێتنامدا ڕاگەیاند، کە دەوترێت پشتیوانی لە 30,000 کار دەکات لە ئەمەریکادا.

گفتوگۆکانی ڕۆژی دووشەممە دوای ئەوە هات ڕۆژێک لەمەوبەر ئەمەریکا و ڤیێتنام پەیوەندییەکانی نێوانییان بەرزکردەوە بۆ " هاوبەشییەکی ستراتیژی گشتگیر "، کۆشکی سپیش هەنگاوەکەی بە " بێپێشینە و زۆر گرنگ " ناوبرد. هاوبەشییەکە ئەمەریکا دەخاتە ئاستی چینی ڕکابەرییەوە، کە هەمان پەیوەندیی دیبلۆماتی لەگەڵ ڤیێتنامدا هەیە.

بەڕێوبەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن کیربی لە پەراوێزی گەشتەکەدا بە دەنگی ئەمەریکای وت " ڤیێتنامییەکان پەیوەندییەکی بەهێزترییان دەوێت لەگەڵ ئەمەریکادا. زۆرێک لە نیگەرانییەکانی ڤیێتنامییەکان هەمان نیگەرانی ئەمەریکان، لە ڕووی ئابووری و ئاسایشیشەوە لە ناوچەکەدا. بەرژەوەندییەکی زۆری هاوبەشمان هەیە، هەروەها ڕوانگەیەکی هاوبەشمان هەیە بۆ هەندێک لە ئاستەنگییەکان، لەوانەش ڕەفتارەکانی کۆماری گەلی چین. بەڕاستی سەرسوڕهێنەرە شتەکان لەم چەند دەیەیەی ڕابردوودا چۆن گۆڕاون کە دەبینین دوو وڵاتەکە بەم نزیکییەوە پێکەوە کاردەکەن."

جێی ئاماژەیە، ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ وڵاتێک کە تەنها لە ساڵی 1995 ەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکادا دامەزراندووە، هەروەها زۆر بە وریاییشەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چیندا مەزندە کردووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا