ئەمەریکا هۆشداری دەداتە ئیسڕائیل تاوەکو یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە زیاتر بکات، ئەگەر نا چەکی ناداتێ

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینلن

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هۆشداریدایە ئیسڕائیل و وتی دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژی داهاتوودا بڕی ئەو یارمەتییە مرۆییە زیاتر بکات کە ڕێگەی دەدات بچێتە غەززەوە، ئەگەر ئەو کارە نەکات ئەوا مەترسی ئەوەی لەسەر دەبێت دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ئەمەریکایی لە دەست بدات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە نامەیەکدا کە ڕێککەوتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی یەکشەممە هۆشدارییان داوەتە هاوتا ئیسڕائیلییەکانییان و دەڵێن دەبێت ئەو گۆڕانکارییانە ڕووبدەن. نامەکە کە جەخت لە سیاسەتی ئەمەریکا دەکاتەوە بەرامبەر یارمەتییە مرۆییەکان و گواستنەوەی چەک، لە نێوەندی خراپتربوونی دۆخە مرۆییەکەی باکووری غەززەدا نێردراوە، هەروەها لە نێوەندی ئەو هەواڵانەدا نێردراوە کە گوایە ئیسڕائیل هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر شوێنێکی خێمەی نەخۆشخانە لە ناوەڕاستی غەززە کە لانیکەم 4 کەس بەهۆیەوە کوژراون.

ڕۆژی سێشەممە بەرپرسێکی باڵای بەرگری ئەمەریکا وتی بلینکن و ئۆستن لە کاتێکدا نامەکەیان ناردووە بۆ هاوتاکانییان کاتێک لەمدواییانەدا بینیویانە کە ئەو یارمەتییانەی دەگەنە غەززە کەم بوونەتەوە. بەرپرسەکە وتی لە مانگی چواردا نامەیەکی هاوشێوە لەلایەن بلینکنەوە نێردراوە و ئەنجامێکی باشی هەبووە و ئیسڕائیل لە وەڵامدا " ڕێوشوێنی بەرجەستەی گرتووەتەبەر " و وەڵامەکەیان بونیادنەرانە بووە.

بلینکن و ئۆستن وتییان بۆ ئەوەی ئیسڕائیل بتوانێت بەردەوام بێت لە شایستەبوونی بۆ دەستکەوتنی دارایی سەربازیی بیانی، بڕی ئەو یارمەتییەی کە دەچێتە ناو غەززەوە دەبێت زیاد ببێت بۆ لانیکەم 350 بارهەڵگر لە ڕۆژێکدا، ئیسڕائیل دەبێت وەستانی زیاتری مرۆیی لە شەڕەکەدا ڕابگەیەنێت و ئاسایش دابین بکات بۆ شوێنە مرۆییەکان. وتیشیان ئیسڕائیل 30 ڕۆژی لەبەردەمدایە تاوەکو وەڵامی ئەو داواکارییانە بداتەوە.

بەرپرسێکی ئیسڕائیلی نامەکەی پشتڕاست کردەوە بەڵام باسی لە ناوەڕۆکەکەی نەکرد، بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە ئەمەریکا " نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە دۆخی مرۆیی " و فشار دەخاتە سەر ئیسڕائیل تاوەکو گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ ناو غەززە خێراتر ببێت.

سەرچاوە/ AP