ئەمەریکا پلانی هەیە وەڵامێکی توندی کوژرانی 3 سەربازی بداتەوە لە هێرشەکەی سەر هێزەکانیدا لە ئوردن

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی

ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا ڕایگەیاند پلانی هەیە " وەڵامێکی توندی " هەبێت بۆ هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەیەک لە ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکایی.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران بە بەرپرس دادەنێت لەو هێرشە، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن کیربیش بە سی ئێن ئێنی وت سەرۆک بایدن " وەڵام دەداتەوە." بەڵام هیچ ئاماژەیەک نیە لەسەر قەبارە یاخود کاتی هێرشە تۆڵەییەکەی ئەمەریکا.

بەڵام کیربی وتی ئەمەریکا " هەوڵی جەنگ نادات لەگەڵ ئێراندا. ئێمە هەوڵی ململانێیەکی بەرفراوانتر نادەین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

هەندێک لە ڕەخنەگرە کۆمارییەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا داوایان لە بایدنی دیموکرات کردووە ڕاستەوخۆ لە ئێران بدات، بەڵام ئەو جۆرە هێرشە دەکرێت بە خێرایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتە جەنگەوە.

سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا وتی لەگەڵ ئەو سێ سەربازەدا کە گیانییان لە دەستداوە، 34 سەربازی دیکەش لە هێرشەکەدا بریندار بوون، هێرشەکە کرایە سەر بنکەیەک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن لە نزیک سنووری سوریاوە. هێشتا نەزاندراوە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە چۆن توانیویەتی خۆی لە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بدزێتەوە، یاخود لە کوێوە هەڵدراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتی کردووەتەوە وڵاتەکە دەستی هەبووبێت لەو هێرشەدا. دەزگای هەواڵی ئیرنای ئێران لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانییەوە بڵاویکردەوە " کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ ڕۆڵێکی نیە لەو بڕیارانەدا کە گروپە بەرهەڵستکارەکان دەیدەن لەسەر چۆنێتی پشتیوانیکردنییان لە گەلی فەلەستینی یاخود بەرگریکردن لە خەڵکی خۆیان."

بایدن وتی سێ سەربازەکەی ئەمەریکا " نیشتیمانپەروەر بوون." وتی " بەردەوام دەبین لە پابەندبوونەکەی ئەوان بە شەڕکردنەوە دژی تیرۆر. هیچ گومانێکیشتان نەبێت لەسەر ئەوەی ئێمە سزای هەموو ئەوانە دەدەین کە بەرپرس بوون، لە کات و شێوازێکدا کە خۆمان هەڵیدەبژێرین."

ڕۆژی یەکشەممە بایدن لە بۆنەیەکدا لە ساوث کارۆلاینا وتی " وەڵام دەدەینەوە." دوای ئەوەش داوای ساتێک بێدەنگی کرد.

بەپێی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، بەرهەڵستکاری ئیسلامی لە عێراق کە گروپێکە پێکهاتووە لە کەتائیب حیزبوڵا و حەرەکەت حیزبوڵا ئەل نوجابە و گروپە چەکدارییەکانی دیکەی سەر بە ئێران، بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان ڕاگەیاند.

بەرپرسێکی گروپەکە بە ڕۆژنامەکەی وت " وەکو چۆن پێشتر وتوومانە، ئەگەر ئەمەریکا بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردن لە ئیسڕائیل، پەرەسەندن دەبێت. سەرجەم بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ئامانجی ڕەوان و هەڕەشەکانی ئەمەریکا بۆ وەڵامدانەوە گرنگ نیە بەلامانەوە. ئەو ئاڕاستەیە دەزانین کە بۆی دەڕۆین، شەهیدبوونیشمان خەڵاتەکەمانە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا