وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین داوای پەیوەندییەکی پتەوتر دەکات لەنێو هاوپەیماناندا، ئەوەش لەپێناو پتەوکردنی دابینکردنی پێویستییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسانی ئابووری و " چالاکییە بازرگانییە نادادپەروەرییەکانی " چین و هەوڵەکانی بۆ زاڵ بوون بەسەر بازاڕەکانی کەرەستەی خاو و تەکنەلۆجیاکاندا.
ڕۆژی سێشەممە یەڵین لە وتارێکدا لە سیئۆل باس لەو بابەتانە دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی سەردانی دامەزراوەکانی کۆمپانیای زەبەلاحی ئێڵ جی کۆریای باشوور کرد.
بەپێی بەشێک لەو لێدوانانەی کە وەرگیراوە و وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بڵاویکردۆتەوە، یەڵین لە وتارەکەیدا باس لەوە دەکات " نابێت ڕێگە بە وڵاتەکانی وەکو چین بدەین پێگەی بازاڕی خۆیان لە کەرەستە خاوە سەرەکییەکان و تەکنەلۆجیا و بەرهەمەکانی دیکەدا بەکاربهێنن بۆ تێکدانی ئابوورییەکانمان، هەروەها سوود لە کاریگەرییە جیۆسیاسییە نەخوازراوەکانی وەربگرێت."
یەڵین لە وتارەکەیدا دەڵێت ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی وەکو کۆریای باشوور دەبێت سەنگ بخەنە سەر " هەمەجۆرکردنی دابینکردنی پێویستییەکان " تاوەکو زیاتر پشت بە هاوبەشە بازرگانییە متمانەپێکراوەکان ببەسترێت، هەروەها خۆڕاگری ئابووری پتەوتر بکەین و مەترسییەکان کەم بکەینەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز