ئەمەریکا ڕایگەیاند 165 ملیۆن دۆلاری دیکە وەکو یارمەتی مرۆیی بۆ یەمەن تەرخان دەکات، ئەمەش لەکاتیکدایە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت یەمەن ڕووبەڕووی خراپترین قەیرانی مرۆیی بۆتەوە.
دوای ئەوەی حوسییەکانی یەمەن لە ساڵی 2014 دا کۆنتڕۆڵی سەنعای پایتەختی یەمەنیان کرد، سعودیە ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتیەکی سەربازیی کرد بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی یەمەن دژی حوسییەکان.
جەنگی یەمەن بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران کەس و ئاوارەکردنی ملیۆنان خەڵک و لە ئێستادا نزیکەی لە سەدا 80 ی یەمەنییەکان لەسەر یارمەتیەکان دەژین.
نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ یەمەن تیم لیندەرکینگ وتی " ئەمڕۆ ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت 165 ملیۆنی دیکە وەکو یارمەتی مرۆیی بۆ یەمەن تەرخان دەکات."
وتی " باوەڕمان وایە هەنگاونان بۆ کەمکردنەوەی قەیرانە مرۆییەکان و ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکەکە یارمەتیدەر دەبێت لە پرۆسەی ئاشتیدا."
بەگوێرەی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پێنج ملیۆن هاوڵاتی یەمەنی لە لێواری برسێتیدان، نزیکەی 50,000 کەسیش لە ژیانێکی هاوشێوەی برسێتیدا دەژین، ئەمەش یەکەمین جارە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ڕەوشەکە بگاتە ئەم ئاستە هەستیارە.
لیندەرکینگ وتی " ئەمەریکا ناتوانێت بە تەنها ئەمە بکات، بەخشەرانی دیکە بەتایبەتی بەخشەرانی ناوچەکە دەبێت یارمەتیەکانیان زیاتر بکەن."
جێی ئاماژەیە لەم ساڵدا لە کۆنفرانسێکی بەخشەراندا 1.7 ملیار دۆلار یارمەتی کۆکرایەوە، بەڵام ئەوە تەنها نیوەی ئەو بڕە بوو کە پێویست بوو کۆبکرایەتەوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس