ئەمەریکا حوسیـیەکان لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان دەردەهێنێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت لە هەفتەی داهاتووەوە حوسیـیەکان لە ناو لیستی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان دەردەهێنێت، ئەمەش لە پـێناو گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ خەڵکی لێقەوماوی یەمەن.

ئەنتۆنی بلینکن ئەمڕۆ هەینی لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی لە ڕۆژی سێشەممەوە ڕێکەوتی 16 ی مانگی دوو بڕیارەکانی ئەم دوایـیانە هەڵدەوشێنێتەوە کە تیایاندا حوسیـیەکان (ئەنساروڵڵا) خراونەتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانەوە.

دەشڵێت ئەمە لە پـێناو خەڵکی لێقەوماوی یەمەنە کە بۆ چەندان ساڵە بەدەست جەنگەوە دەناڵێنن. بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە هێشتا ئەمەریکا چاوی لە "ڕەفتارە قێزەوەنەکانی" حوسیـیەکانە و لە بەرامبەریاندا هەڵوێستی دەبێت.

وەزیری دەرەوە گوتیشی ئەم بڕیارەی داوە پاش ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆیـیەکان و ئەندامانی کۆنگرێس لە هەردوو پارت ئاگاداریان کردووەتەوە کە دانانی حوسیـیەکان بە تێرۆرست دۆخی مرۆیی لە یەمەن هێندەی دیکە خراپتر دەکات.

ڕێکخراوە مرۆیـیەکان لای خۆیانەوە دەڵێن ناچارن مامەڵە لەگەڵ حوسیـیەکاندا بکەن، چونکە بەشێکی گەورەی یەمەن لە ژێر دەستیاندایە، لەوانە سەنعای پایتەخت. دەشڵێن ئەگەر حوسیـیەکان لە نێو لیستی تێرۆردا بن و ئەوانیش مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، ئەوا بەپـێی یاسا ڕێکخراوەکانیان دەکەوێتە بەر سزاکانی ئەمەریکاوە.