پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی دەربڕینی چالاکوانانی سیڤیلی بەرامبەر بە توندوتیژی بۆ سەر ژنان لە شاری مەریوان.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا چەندین ڕووداوی هێرش و کوشتن بۆ سەر ژنان بینراون.

لە وتووێژێک لە گەڵ دەنگی ئەمەریکادا، ژیلا موستەئجێر ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوەکە دەڵێت "لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا پێنج کەس لە خانمان بە دەستی یەکێک یان دوو لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان کوژراون و هەروەها سێ رووداوی خۆکوژیش هەبووە کە دوو کەسیان تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵیدا بوون، لەو کچانەی بە زۆر بە شوو درابوون."

ژیلا موستەئجێر، ئەندامی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ هەنگاو

ژیلا دەڵێت، تەواوی ئەو ڕووداوانەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە یاسایەک بۆ پشتیوانی لە بنەماڵە و ژنان لە گۆڕێدانیە. ناوەند یا پەناگەیەک بۆ ژنان نیە کە کاتێک دەکەونە بەر توند و تیژی تا پارێزگاریان لێ بکردرێت.

ئەم ئەندامەی ڕێکخراوی هەنگاو، لەوبڕوایەدایە هۆکارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ بۆ ژنان نیە تا وشیاریان بکاتەوە و جەخت بکاتەوە لەوەی چارەسەر کردنیی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، وەک دەڵێت "خۆکوشتنی ژنان نییە."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژی ژیلا موستەئجێر