بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا دڵگرانە بە ڕووداوی خۆکوشتنی کارمەندێکی پێشووی لە تاران

کیانوش سەنجاری

بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت دڵگرانە بە ڕووداوی خۆکوشتنی کارمەندێکی پێشووی، کیانوش سەنجاری ، کە ڕۆژی چوارشەممە لە بینایەکەوە لە تاران خۆی فڕی داوەتە خوارەوە و گیانی لە دەستداوە، ئەوەش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک دژی فەرمانڕەوا تاکڕەوەکانی ئێران.

سەنجاری تەمەن 42 ساڵ کە هاووڵاتییەکی ئێرانی بووە و پێشتر ڕۆژنامەنووس و چالاکەوانی مافەکانی بووە، لە ساڵی 2009 ەوە بۆ ساڵی 2013 کاری بۆ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا کردووە لە واشنتن، دواتر لە ساڵی 2016 دا گەڕاوەتەوە بۆ ئێران تاوەکو ئاگای لە دایک و باوکی بێت.

سەنجاری لە پێش کارەکەی لە ئەمەریکا و لە دوای کارەکەشییەوە لە ئێران لەسەر چالاکییەکانی زیندانی کراوە. بە ئاشکرا باسی لەوە کردووە کە چۆن لە زیندانی تاکەکەسی و مامەڵە خراپەکانی دیکەی بەرپرسانی ئێرانیدا باری دەروونی زیانی پێگەیشتووە.

بەڕێوبەری بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا لەیلی سوڵتانی لە ئینستگرام نوسیویەتی کە خۆی و ستافەکەی " دڵشکاون " و لە دەستدانی هاوکارەکەی پێشوویان " زۆر کاری تێکردوون."

وتی " ئەم لە دەستدانە ڕووخێنەرە زۆر سەخت بووە بۆ هەمووان و هەمووانی توشی شۆک کردووە لە بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی وەکو ئێمە کە لە نزیکەوە کارمان لەگەڵدا کردووە. کیانوش تەنها 17 ساڵ بووە کاتێک دەستگیرکراوە و ئەشکەنجە دراوە و لە زیندانی تاکەکەسیدا داندراوە. هەرچەندە ئەو ڕۆیشت، بەڵام پەرۆشییەکەی بۆ ئازادی و مافەکانی مرۆڤ هەر لە ژیاندا دەمێننەوە."

بەڕێوبەری دەنگی ئەمەریکا مایکڵ ئابرامۆویتز وتی " زۆر دڵگران " بووە بە بیستنی هەواڵی مەرگی سەنجاری.

وتی " کیانوش، ڕۆژنامەنووسی پێشووی دەنگی ئەمەریکا و پیاوێک کە وڵاتەکەی خۆی خۆشدەویست، بە دەست زیندانیکردنیەوە ناڵاندوویەتی و ڕووبەڕووی سەرکوتکاری توند بووەتەوە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کە دواجار بووە هۆی گیان لە دەستدانی. زۆر بیری دەکەین."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن " دڵگران " بووە بە مەرگی سەنجاری و پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خێزانەکەی دەکات.

وتەبێژەکە وتی " خۆکوشتنەکەی ئەو و خۆکوشتنەکانی ئەمدواییانە لە نێو گەنجاندا لە ئێران ئاماژەن لەسەر زیادبوونی بێهیوایی گەنجانی ئێران لە ڕژێمێک کە مافە بنچینەییەکانییان سەرکوت دەکات."

وتیشی " دووبارە داوای دەستبەجێ ئازادکردنی سەرجەم ئەو زیندانییە سیاسییانە دەکەین کە لە ئێران بەبێ هیچ هۆکارێکی دادپەروەرانە زیندانیکراون. کەمپینی ڕژێمەکەی ئێران بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەگران و چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤ دەبێت ڕابگیرێت."

بەیانی ڕۆژی چوارشەممە سەنجاری لە ئێکس پەیامێکی بڵاوکردبووەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدابوو کە ئەگەر بەرپرسانی دادوەریی ئازادکردنی چوار زیندانی سیاسیی تاوەکو کاتژمێر 7 ی ئێوارەی هەمان ڕۆژ ڕانەگەیەنن ئەوا خۆی دەکوژێت وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک دژی " دیکتاتۆریی " ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی. هیچ ڕاگەیەندراوێکی لەوشێوەیە بڵاونەکرایەوە.

لە 7 ی بیست خولەکی ڕۆژی چوارشەممەدا، سەنجاری دوو پۆستی دیکەی لە ئێکس بڵاوکردەوە، یەکێکییان وێنەیەک بوو کە لەسەر سەربانی بینای مۆڵی چارسووە بوو کە تێیدا پردێک و شەقامێک پیشان دەدات. لە پۆستەکەی دیکەدا سەنجاری نوسیویەتی دوای ئەم پۆستە خۆی دەکوژێت، وتیشی " نابێت هیچ کەسێک لەسەر دەربڕینی بۆچوونی خۆی زیندانی بکرێت. ناڕەزایی دەربڕین مافی سەرجەم دانیشتوانی ئێرانە."

بە ماوەیەکی کورت دوای ئەو پۆستە، ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و تێیدا لاشەی پیاوێکی پیشان دەدا لەسەر شۆستەیەکی تەنیشت مۆڵی چارسو، خەڵکەکە سەیرییان دەکرد و تیمەکانی فریاگوزاری خێرا گەیشتن. سەرچاوەیەک بە بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکای وت کە لاشەکە لاشەی سەنجاری بووە، کە لە سەربانی بیناکەوە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە و گیانی لە دەستداوە.

دەزگای هەواڵی ئیرنای ئێران لە زاری دادوەر محەمەد شەهریاریی سەرۆکی ئۆفیسی داواکارانی کاروباری تاوانی تارانەوە بڵاویکردەوە دۆسییەی " مەرگێکی گوماناوی " پەیوەست بە سەنجارییەوە کراوەتەوە.

پێش سەردانەکەی بۆ مۆڵەکە، سەرچاوەکان بە بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکایان وتووە کە سەنجاری لە ماڵی دایک و باوکی بووە لە تاران و چەندین هاوڕێی سەردانییان کردووە و هەوڵییانداوە ڕازی بکەن خۆی نەکوژێت.

مەرگی سەنجاری وەکو ڕەفتارێکی ناڕەزایی دەربڕین دژی حکومەت، هاوسۆزی و دڵگرانی چەندین چالاکەوانی دیکەی مافەکان و ڕۆژنامەنووسانی لە سەرانسەری جیهاندا بەلای خۆیدا ڕاکێشا.

ڕویا بۆرۆماندی بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوەندی عەبدوڕەحمان بۆرۆماندی، کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە و هانی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی دەدات لە ئێران، وتی " بەبێ هیچ گومانێک کۆماری ئیسلامی بەرپرسە لەم مەرگە تراژیدیایە." بۆرماند بە دەنگی ئەمەریکای وت سەنجاری لە ڕووی سیاسییەوە چالاک بووە دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد کراوە، " کەمپینی بۆ ئەوانی دیکە کردووە کە لە زینداندا دەناڵێنن و هەروەها دژی سزای مەرگیش."

وتی " هەمیشە ئێران ئازیز بووە لە دڵیدا و ڕێگەی نەداوە دڕندەیی کۆماری ئیسلامی و کۆتوبەندەکان لە ژیانی تایبەتی خۆیدا ڕێگری لێبکەن لە شەڕی دژ بە سەرکوتکاریدا. بە کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆی و ئەو پەیامەی کە دوای خۆی جێیهێشت، ئەو ئەم واقیعە تاڵەی بە بیر هێناینەوە و سەرکۆنەی سەرکوتکارەکانی کرد و سەرکۆنەی ئەوانەشی کرد کە بانگەشەی فەرمانڕەواییکردن دەکەن لە بری خودا."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا