سەرۆکی گروپی سەربازی واگنەر دەڵێت شەڕی باخموت زیانی بە هێزەکانی گەیاندووە

سەرۆکی گروپی واگنەری سەربازی بەکرێگیراوی ڕووسیا دانی بەوەدانا کە شەڕکردن بۆ شاری باخموتی ئۆکرانیا زیانێکی گەورەی بە هێزەکانی خۆی و هێزەکانی ئۆکرانیاش گەیاندووە.

شاری باخموت کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە، ماوەی چەند مانگێکە ئامانجی هێرشەکانی ڕووسیایە، شەڕێکی سەخت و وێرانکەری تێدا بووە و بووەتە درێژترین و خوێناویترین شەڕەکانی جەنگەکە.

سەرۆکی گروپەکە، یەڤیگنی پریگۆژین وتی " ئەمڕۆ شەڕی باخموت بە کرداری سوپای ئۆکرانیای لە ناوبردووە، بە داخەوە زیانێکی گەورەشی بە کۆمپانیای سەربازی تایبەتی واگنەر گەیاندووە."

بەرپرسانی ڕووسیا دەڵێن هێزەکانی ڕووسیا لە ناو باخموتدا شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەکەن و بەردەوامن لە پێشڕەویکردن، بەڵام تاوەکو ئێستا شکستیان هێناوە لە گەمارۆدانی شارەکە و ناچارکردنی ئۆکرانییەکان بۆ کشانەوە.

هەواڵگری سەربازی بەڕیتانیا ڕۆژی چوارشەممە وتی ئۆکرانییەکان سەرکەوتووانە بەرپەرچی ڕووسییەکانیان داوەتەوە لە یەکێک لەو ڕێگا سەرەکییانەی شارەکەدا کە پێویستییەکانی پیادا تێپەڕ دەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز