سەرۆکی واگنەر: هێزەکانی ڕووسیا هەوڵیانداوە پیاوەکانم بکوژن

یەڤیگنی پریگۆژین

یەڤیگنی پریگۆژین سەرۆکی گروپی بەکرێگیراوی سەربازیی واگنەر کە ماوەیەکی زۆرە ڕەخنەی توند ئاڕاستەی بەرپرسە باڵاکانی سوپای ڕووسیا دەکات، وتی هێزەکانی ڕووسیا هەوڵیانداوە پیاوەکانی بکوژن.

چەکدارەکانی گروپی واگنەر بە شێوەیەکی بەرفراوان لە شاری باخموتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کشاونەتەوە، مانگی ڕابردوو دوای ئەوەی زیانێکی گەورەی گیانییان بەرکەوت، واگنەر زۆربەی شاری باخموتی کونتڕۆڵ کرد، دواتریش شوێن و پێگەکانی خۆیان ڕادەستی هێزەکانی ڕووسیا کرد و کشانەوە دواوە.

پریگۆژین وتی پیاوەکانی کۆمەڵە شوێنێکیان لە ناوچەکانی دواوە بینیوە کە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا چەندین ئامێری تەقینەوەیان تیادا چاندووە، سەدان مینی دژە تانکییان تیادا چاندووە. کاتێک پرسیارییان لێکرا بۆچی ئەو مینانە داندراون، بەرپرسەکان وتییان بە فەرمانی بەرپرسە باڵاکانییان ئەو کارەیان کردووە.

پریگۆژین وتی "پێویستی نەدەکرد ئەم مینانە بچێنن بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمن، لەبەرئەوەی ئەو ناوچەیە لە دواوەیە، دەتوانین بڵێین ئەم مینانە ئامانج لێیان بەرپەرچدانەوەی پێشڕەوییەکانی یەکەکانی واگنەر بووە."

وتی هیچ لەو مینانە نەتەقیونەتەوە و کەسیش زیانی پێنەگەیشتووە، وتیشی "ئێمە وای دادەنێین کە هەوڵێک بووە بۆ لێدانێکی بە کۆمەڵ."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز