وڵاتانی ڕۆژئاوا هۆشداری دەدەنە سوریا سەبارەت بە دانانی چەکدارانی بیانی بۆ پۆستە سەربازییەکان

دوو سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە دەڵێن نوێنەرانی ئەمەریکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا هۆشدارییان داوەتە فەرمانڕەوا نوێیە ئیسلامییەکانی سوریا لەسەر ئەوەی کە دەستنیشانکردنی جیهادییە بیانییەکان بۆ پۆستە باڵا سەربازییەکان نیگەرانییەکی ئاسایشییە و خراپە بۆ ناوبانگییان لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدەن پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا دروست بکەن.

بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی هۆشدارییەکە لەلایەن نوێنەری ئەمەریکا دانیێڵ ڕوبینستینەوە دراوە لە ماوەی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ سەرکردەی کرداری سوریا ئەحمەد ئەلشەرعدا، کۆبوونەوەکە ڕۆژی چوارشەممە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق بەڕێوەچووە.

بەرپرسەکە وتی " ئەم دەستنیشانکردنانە یارمەتییان نادات لە ناوبانگییان لە ئەمەریکادا."

وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا و ئەڵمانیا، ژان نۆیل بارۆت و ئەنالینا بێربۆک، بە هەمان شێوە لە کۆبوونەوەکەی 3 ی مانگی یەکییاندا لەگەڵ ئەلشەرعدا باسییان لە نیگەرانییەکان کردووە سەبارەت بەوەی کە چەکدارە بیانییەکان دەخرێنە ناو سوپاوە.

گروپە چەکدارییەکەی ئەلشەرع، هەیئەت تەحریر ئەلشام، سەرکردایەتی هێرشێکی کتوپڕی کرد کە بووە هۆی ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە 8 ی مانگی دوانزەدا، لەو کاتەوە حکومەتێکی پێکهێناوە و سوپاکەی سەردەمی ئەسەدی هەڵوەشاندووەتەوە. ئێستا هەوڵی دووبارە دروستکردنەوەی هێزە چەکدارەکان دەدات.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 50 کەسی بۆ پۆستەکان دەستنیشان کرد، لانیکەم 6 کەسییان چەکداری بیانی بوون، لە نێویاندا چینی و یوگۆری و تورکیاییەک و میسڕییەک و ئوردنیەکییان تێدا بووە.

سەرچاوەیەکی سەربازیی سوریا وتی سێ کەسییان پلەی جەنەڕاڵییان وەرگرتووە و لانیکەم سێ کەسی دیکەیان پلەی کۆلۆنێڵییان وەرگرتووە.

هەیئەت تەحریر ئەلشام و گروپە چەکدارییەکانی هاوپەیمانی، سەدان چەکداری بیانییان تێدایە کە لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا هاتوونەتە وڵاتەکەوە، زۆربەیان توندڕەون.

وڵاتانی بیانی بە گشتی چەکدارە بیانییەکان وەکو مەترسییەکی سەرەکی دادەنێن بۆ سەر ئاسایش، چونکە پێیان وایە هەندێک لەو چەکدارانە هەوڵی ئەنجامدانی هێرش دەدەن لە وڵاتانی خۆیاندا دوای ئەوەی ئەزموونییان لە دەرەوە دەستکەوتووە.

بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریا وتوویانە کە چەکدارە بیانییەکان قوربانییان داوە بۆ یارمەتیدان لە ڕووخاندنی ئەسەددا و جێگەیەکییان لە سوریادا دەبێت، دەشڵێن دەکرێت ڕەگەزنامەش وەربگرن.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی واشنتن بەردەوامە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی کاتیدا لە دیمەشق.

وتەبێژەکە وتی " گفتوگۆکان بونیادنەرانە بوون و باس لە کۆمەڵێک پرسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کراوە." وتیشی " بەرەوپێشچوونێکی باش هەبووە لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز