خانمه گۆرانیبێژی ناوداری ئه‌مه‌ریکایی ویتنی هیوستن Whitney Houston به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه هه‌واڵی مه‌رگی ڕاگه‌یه‌ندرا.
کاتژمێر 3:55 ی به‌یانی به کاتی خۆجێی پـۆلیسی ناوچه‌ی بێڤرلی هێڵزی شـاری لۆس ئه‌نجلسی کالیفۆرنیا ڕایگه‌یاند که‌وا ویتنی هیوستن له ژورێـکی هوتێل هێڵتنی ناوچه‌که‌یان له ته‌مه‌نی 48 سـاڵیدا گیانی له ده‌سـتداوه.
هه‌تا ئاماده‌کردنی ئه‌م هه‌واڵه هیچ ڕاگه‌یاندنێـکی فه‌رمی له‌سه‌ر هۆکاری مردنه‌که‌ی نه‌دراوه.
ویتنی له کاتێـکدا کۆچی دوایی کرد که ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه له بێڤرلی هێڵز ئاهه‌نگی گرامی بۆ دابه‌شـکردنی خه‌ڵات به‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانی لێـهاتوو سـازده‌کرێت. بڕیاربوو ئه‌ویش یه‌ک له ئامادبووانی ئه‌و ئاههنگهبێت.
ئه‌م گۆرانیبێژه ڕه‌نگ ئه‌سمه‌ره له ته‌مه‌نی 11 سـاڵیـیه‌وه له کڵێسه سروودی ئاینی گوتووه و له 23 سـاڵی ته‌مه‌نیدا بووه به گۆرانیبێژ و له سـاڵانی هه‌شـتا و نه‌وه‌ده‌کاندا زۆر ناوبانگی ده‌رکرد و به تایبه‌تی له دوای سـاڵی 1992 که له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند که‌یڤن کاستنه‌ر به‌شـداریان له فلیمی The Bodyguard کرد، ئه‌وه‌ی تیایدا گۆرانیـیه به‌ناوبانگه‌که‌ی گوت I Will Always Love You ، واته "هه‌میشه هه‌ر خۆشم ده‌وێیت".
ویتنی له سـاڵی 1989 وه په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ گورانبێژ بۆبی بڕاون هه‌بووه که شه‌ش سـاڵ له‌خۆی منداڵتربوو و پاشـان له دوای سێ سـاڵ په‌یوه‌ندی، له مانگی حه‌وتی 1992 دا هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵدا پـێـکهێنا و له سـاڵی 1993 تاقه کچه‌که‌ی لێی بوو.
به‌ڵام وه‌ک ده‌گوترێت له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی ژیانی پـڕ له کێشه و ناکۆکی بووه. ده‌ڵێن ئه‌وه ناچاریکردبوو په‌نا بۆ مه‌ی خواردنه‌وه و مادده بێ هۆشکه‌ره‌کان به‌رێت. هه‌تا له سـاڵی 2007 له هاوسه‌ره‌که‌ی جیابووه‌ته‌وه و له پاش چه‌ند مانگێـک هه‌واڵی ده‌سـتبه‌رداربوونی له ماده بێ هۆشکه‌ره‌کان ڕاگه‌یاند.
ویتنی هیوستن ده‌یان خه‌ڵاتی هونه‌ری گه‌وره‌ی وه‌رگرتووه و به‌رهه‌مه‌کانی دهستکهوتێـکی دارایی چاکی لێـکه‌وتۆته‌وه. هه‌ر فلیمی The Bodyguard زیاتر له 410 ملیۆن دۆلار قازانجی هه‌بووه. به سه‌دان ملیۆن کۆپی له ئه‌لبومه‌کانی فرۆشراون.