ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: قەیرانی کەش و هەوا قەیرانی تەندروستی دروست دەکات

کۆمەڵێک بەڵگەی زانستی کە لە چەندین نوسراودا باسییان لێوە کراوە و لەم هەفتەیەدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهان بڵاویکردوونەتەوە، تیشک دەخەنە سەر کاریگەرییە زیانبەخشەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لەسەر قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی مرۆڤدا.


ئەنایدا پۆرتێلای بەڕێوبەری بەشی لە دایکبوون و کۆرپە و منداڵ و تەندروستی هەرزەکار و بەساڵاچوون لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهان دەڵێت " ئەمانە بەڵگەیەکی گرنگی زانستی دەخەنە ڕوو لەسەر ئەوەی چۆن پیسبوونی هەوا و کارەساتە جیاوازەکانی کەش و هەوای وەکو ئاگرکەوتنەوەی کێوی و لافاو و گەرمی توند کاردەکەنە سەر تەندروستی ژنی دووگیان و کۆرپە و منداڵان و هەرزەکاران و بەسەڵاچووانیش."

پۆرتێلا وتی " ئەم بەڵگەیە زۆر گرنگە، چونکە مەترسییە سەرەکییەکانی سەر تەندروستی هەر کامێک لەم گروپانە بۆ ئەو ڕووداوە جیاوازانەی کەش و هەوا دەخاتە ڕوو."

ئاماژەی بەوەدا کە کۆکراوەی نوسراوەکان کە لە گۆڤاری تەندروستی جیهانیدا بڵاوکراوەتەوە دەریدەخات کە مەترسییەکانی کەش و هەوا لەسەر تەندروستی گەنجان و بەساڵاچووان و ژنانی دووگیاندا " زۆر بە کەم زاندراون." ئاماژەی بەوەدا ئەو مەترسییانە " جددین و زۆرجار مەترسی لەسەر ژیانییان دروست دەکات."

توێژینەوەکان دەریدەخەن کە کارەساتە سروشتییەکانی کەش و هەوا بۆ ژنانی دووگیان و گەنجان و بەساڵاچووانیش " کاریگەرییەکی جددییان هەیە لەسەر تەندروستی دەروون و جەستەشییان."

بۆ نموونە، نوسەرەکان ئاماژە بە لە دایکبوونی پێشوەختە دەدەن، کە ئێستا ئەوە هۆکاری سەرەکییە لە گیان لە دەستدانی منداڵاندا، " حاڵەتەکانی لە دایکبوونی کۆرپە پێش کاتی خۆی لە ماوەی شەپۆلەکانی گەرمادا زیاتر دەبن، خەڵکانی بەتەمەنیش ڕەنگە توشی جەڵتەی دڵ ببن یاخود ناڕەحەتی لە هەناسەداندا."

باس لەوەش دەکەن کە شەپۆلەکانی گەرما " کار دەکەنە سەر توانای مێشکیش، لەبەر ئەوە کاردەکەنە سەر فێربوونی منداڵان و هەرزەکاران."

دۆخی کەش و هەوای جیهانی ڕێکخراوی کەشناسی جیهان ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ساڵی 2023 گەرمترین ساڵ بووە کە تۆمار کرابێت و پێشبینی ئەوە دەکات کە " لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا 2024-2028 پلەی گەرما 1.5 پلەی سەدی تێدەپەڕێنێت لەسەروو سەردەمی پێش پیشەسازییەوە." زانایانیش هۆشداری دەدەن لەسەر ئەوەی ڕەنگە ئەوە ببێتە هۆی دروستبوونی گۆڕانکارییەکی زۆر خێرا کە نەتوانرێت چاک بکرێتەوە.

بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان، لە نێوان ساڵانی 2030 و 2050 دا، پێشبینی دەکرێت گۆڕانی کەش هەوا ببێتە هۆی " گیان لە دەستدانی نزیکەی 250,000 کەس بۆ هەر ساڵێک، تەنها بەهۆی بەدخۆراکی و مەلاریا و سکچوون و گەرماوە."

پۆرتێلا هۆشداریدا کە پیسبوونی هەوا لە ماوەی دووگیانیدا دەبێتە هۆی زیادبوونی پەستانی خوێن، کێشی کەم لە کاتی لە دایکبوون و لە دایکبوونی پێشوەخت، هەروەها کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی مێشک و سییەکانی کۆرپە دروست دەکات.

وتی " مەترسی نەخۆشی هەناسەدان لە نێو منداڵان و بەساڵاچوواندا زیاتر دەکات." وتیشی هەروەها ڕووبەڕووی زیادبوونی مەترسییەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکانی " شێرپەنجە و دڵ و هەوکردنی سییەکان دەبنەوە. "

توێژینەوەکە بە وردەکارییەوە باس لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی کارەساتە سروشتییەکانی کەش و هەوای وەکو لافاو و وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوەی کێوی دەکات لەسەر تەندروستی دەروون و جەستەش. ئاگرکەوتنەوەکان دەرکەوتووە کە نەخۆشییەکانی هەناسەدان و دڵ لە بەساڵاچوواندا زیاتر دەکات.

پۆرتێلا وتی " پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لە ڕێی کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی و بونیادنانی خۆڕاگریی کەش و هەواوە، بۆ گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێنی دیاریکراو کە تەندروستی لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیاندا دەپارێزن."

نوسەرانی ڕاپۆرتەکە دەڵێن " چەند ڕێوشوێنێکی کەمی کەش و هەوا گیراونەتەبەر کە بگونجێن لەگەڵ پێویستییە تایبەتەکانی ژنان و کۆرپەکان و منداڵان و هەرزەکاراندا "، هەروەها بۆ بەساڵاچووانیش کە ڕەنگە کێشەی توانای مێشک و جووڵەیان هەبێت.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهان داوا لە حکومەتەکان دەکات گۆڕانی کەش و هەوا بکەن بە پرسێکی تەندروستی، ئاماژەی بە چەند کارێکی دیاریکراودا کە وڵاتان دەتوانن ئەنجامییان بدەن بۆ هاندان و پاراستنی ژیان لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیاندا.

بۆ نموونە، نەرمی نواندن لە کاتژمێرەکانی کارکردندا، ئامادەکردنی سیستمەکانی گرنگیدان بە منداڵان و خوێندن بۆ کاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەش و هەوا توندەکان، هەروەها ئاگادارکردنەوەی خەڵک و کۆمەڵگەکان لەسەر ئەو ڕێوشوێنانەی کە دەتوانن بیگرنەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی لاواز لە ماوەی شەپۆلەکانی گەرما و ئەو کاتانەدا کە پیسبوونی هەوا خراپتر دەبێت.