وڵاتانی ئەوروپای ئەندام لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێن دەبێت ئۆفیسی ڕێکخراوەکە لە مۆسکۆ بگوازرێتەوە

وڵاتانی ئەوروپای ئەندام لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیایان کرد لە ئۆکرانیا کە ڕەنگە ببێتە هۆی گواستنەوەی ئۆفیسی ڕێکخراوەکە لە ڕووسیا و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم کۆبوونەوەکان لەو وڵاتەدا، ئەوەش تاوەکو ڕووسیا هێزەکانی لە ئۆکرانیا دەکشێنێتەوە.

ئەو وڵاتانە لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند " زۆر نیگەرانن " سەبارەت بە بارودۆخی خراپی ئۆکرانیا کە بەهۆی " داگیرکارییە بێ هۆکارەکەی ڕووسیاوە دروستبووە." زیاتر لە 40 وڵاتی ئەندام لە ڕێکخراوەکە بە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و سوید و ئیتاڵیا و بەڕیتانیاشەوە لە بەرژەوەندی گواستنەوەی ئۆفیسی ڕێکخراوەکە لە مۆسکۆ دەنگیاندا، هاوکات ڕووسیا و تاجیکستان و بێلاڕووس لە دژی بڕیارەکە دەنگیاندا.

بڕیارەکە دەڵێت ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەبێت " هەرچی لە توانایدا بێت ئەنجامی بدات بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی ئۆکرانیا." هەروەها تاوتوێی گواستنەوەی ئۆفیسی ڕێکخراوەکە بکات لە مۆسکۆوە بۆ وڵاتێکی دیکە. هەروەها داواشی لە بەڕێوبەرە ئەوروپییەکەی ڕێکخراوەکە کرد لە مۆسکۆ سەرجەم کۆبوونەوەکە لە ڕووسیا هەڵبوەشێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی ڕووسیا هێزە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا دەکشێنێتەوە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 هێرش کراوەتەسەر دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانی تەندروستی لە ئۆکرانیادا، لە ئاکامدا لانی کەم 75 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس