4 هۆکاری سەرەکی مردنی پێشوەختە چین و چۆن دەتوانرێت ڕێگریان لێبکرێت؟

ڕێکخراوی تەندروستی جیهان دەڵێت تووتن و خواردنەوە کحولییەکان و خۆراکە پڕۆسێس کراوەکان و سوتەمەنی بەردین ساڵانە 2.7 ملیۆن کەس لە ئەوروپا دەکوژن، ڕێکخراوەکە داواشی لە حکومەتەکانی جیهان کرد یاسای توندتر بسەپێنن بەسەر ئەو بەرهەمانەدا کە زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند پیشەسازییە بەهێزەکان هانی تەندروستییەکی خراپ و مەرگی پێشوەختییان داوە لە ڕێی بەکارهێنانی بە بازاڕیکردنێکی " هەڵخەڵەتێنەرانە " و دەستوەردانەوە لە هەوڵەکانی حکومەتەکاندا بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشییە بکوژەکانی وەکو شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە.

ڕاپۆرتە نوێیەکە دەریدەخات کە تووتن و سوتەمەنی بەردینی و خۆراکە پڕۆسێس کراوەکان و کحول بەرپرسن لە مردنی ڕۆژانەی زیاتر لە 7400 کەس لە سەرانسەری 53 وڵاتەکەی ئەوروپادا. بە تێکڕا چوار پیشەسازییەکە بوونەتە هۆی مردنی 2.7 ملیۆن کەس ساڵانە لە ئەوروپادا، ئەوەش دەکاتە نزیکەی لە سەدا 24.4 ی سەرجەم حاڵەتەکانی مردن.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی مەزەندە دەکات کە لە ئەوروپا جگەرە هۆکاری مردنی زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە لە ساڵێکدا کە دەکاتە 10%ی هەموو مردنەکانی ئەو کیشوەرە. هەروەها ساڵانە نزیکەی 600 هەزار مردن بەهۆی هەڵمژینی سووتەمەنی بەردینیەوە ڕوودەدات کە دەکاتە 05%ی هەموو مردنەکان.

هەروەها خواردنەوەی کحول دەبێتە هۆی مردنی زیاتر لە 400 هەزار کەس لە ساڵێکدا. جگە لەوەش ساڵانە زیاتر لە 350 هەزار کەس بەهۆی زیادەڕۆیی لە خواردنی گۆشتی پرۆسێس کراو و خواردنەوە شەکردارەکان و خۆرادنی چەور، گیان لەدەست دەدەن.

ڕاپۆرتە نوێیەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان دەگاتە ئاستی هێرشێکی بێپێشینە بۆ سەر ئەو زیانە گەورانەی کە ئەو پیشەسازییە گەورانە و بەرهەمەکانییان دەیگەیەنن بە تەندروستی مرۆڤ. ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات چۆن " پیشەسازییە گەورەکان " شێوازی شاراوە و ئاشکرا بەکاردەهێنن بۆ زیادکردنی قازانجەکانییان لە ڕێی دواخستن یاخود ڕێگریکردن لە سیاسەتەکانی باشترکردنی تەندروستی دانیشتوانەوە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهان وتی " ژمارەیەکی کەم لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، دەسەڵاتێکی گەورەیان هەیە بەسەر چوارچێوە سیاسیی و یاساییەکەدا، بەربەست دەخەنە بەردەم ئەو یاسایانەی کە لە بەرژەوەندی گشتیدان و ئەوەش کاردەکاتە سەر قازانجەکانییان."

پزیشک هانس هێنری پی کلوگی بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهان بۆ ئەوروپا وتی "تەکتیکەکانی پیشەسازی بریتین لە سوود وەرگرتن لە خەڵکانی لاواز لە ڕێی ستراتیژییەکانیەوە بۆ بە بازاڕیکردنی بەرهەمەکانییان، لە ڕێی هەڵخەڵەتاندنی بەکارهێنەرانەوە، لە ڕێی بانگەشەی هەڵەوە سەبارەت بە سوودەکانی بەرهەمەکانییان."

ئەو تەکتیکانەی کە " پیشەسازییە ئابوورییە گەورەکان " پەیڕەوییان دەکەن ڕێوشوێنەکان بۆ کەمکردنەوەی جگەرەکێشان و خواردنەوە و قەڵەویی دەخەنە مەترسییەوە، ئەوانەش گەورەترین هۆکارن بۆ ئەو نەخۆشییانەی کە دەکرێت ڕێگرییان لێبکرێت.

ڕاپۆرتەکە دوابەدوای توێژینەوەیەک دێت لە ساڵی 2023 دا کە باس لەوە دەکات کحول و توتوون و خۆراکە پڕۆسێس کراوەکان و خواردنەوەکان و سوتەمەنی بەردینی ساڵانە بوونەتە هۆکاری 19 ملیۆن حاڵەتی گیان لە دەستدان لە سەرانسەری جیهاندا، یاخود لە سەدا 34 ی سەرجەم حاڵەتەکانی مردن.

سەرەڕای مەترسییەکانی لەسەر تەندروستی، تەنها کەمینەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا جگەرەکێشانییان لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغە کردووە.

ڕاپۆرتەکە داوا لە حکومەتەکانی سەرانسەری ئەوروپا دەکات یاسای توندتر بسەپێنن بەسەر چۆنێتی بە بازاڕکردنی ئەو بەرهەمانەدا کە خراپن بۆ تەندروستی.

هەروەها سندووقی جیهانی توێژینەوەی شێرپەنجە داوای لە خەڵک کردووە کە زیاتر ڕێجیمێکی ڕووەکی پەیڕەو بکەن و خواردنەوە کحولییەکانیان سنووردار بکەن بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە.

سەرچاوە/ڕۆژنامەی گاردیەن/ڕێکخراوەی تەندروستی جیھانی