سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەبارەت بەوەی کاتێک سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەبێ مەبەست ناوەکەی لێتێکدەچێت و بە ڤلادیمیر پوتن ناوی دەهێنێت، وتی ئەوە هەڵەیەک بووە و دەکرێت لە بیر بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو پشتیوانییەی کە ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیای دابین کردووە.
بایدن لە کۆبوونەوەکەی ناتۆدا بە هەڵە لە جیاتی ئەوەی بڵێت سەرۆک زێلێنسکی وتی سەرۆک پوتن و دوو چرکە دوای ئەوە قسەکەی ڕاست کردەوە.
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کە ئەمە چەندەمین جارە ناوی کەسەکانی لێتێکدەچێت، شەوی پێنجشەممە لە میانی قسەکانیدا لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ناتۆ گوتی "ئێستا دەمەوێت مایکرۆفۆنەکە ڕادەستی سەرۆکی ئۆکرانیا بکەم، کە ئیرادە و بوێرییەکی زۆری هەیە. بەڕێزان ئەمە ئێوە و ئەمەش سەرۆک پوتن."
زێلێنسکی ڕۆژی شەممە لە فڕۆکەخانەی شانۆنی ئیرلەندا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەوە هەڵە بوو. پێم وایە ئەمەریکا یارمەتییەکی زۆری ئۆکرانیای داوە، دەتوانین لە هەندێک لە هەڵەکان خۆش ببین، پێم وایە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز