زێلێنسکی بانگهێشتی سەرۆکی چین دەکات بۆ وڵاتەکە

دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس بڵاویکردەوە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بانگهێشتی سەرۆکی چین شی جین پینگی کردووە بۆ سەردانیکردنی ئۆکرانیا.

زێلێنسکی بە دەزگا هەواڵییەکەی وت " ئێمە ئامادەین لێرە بیبینین."

لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا شی تاوەکو ئێستا قسەی لەگەڵ زێلێنسکیدا نەکردووە، بەڵام چین مانگی ڕابردوو پلانێکی 12 خاڵیی بۆ " چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ قەیرانەکانی ئۆکرانیا " بڵاوکردەوە.

شی لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆ تاوتوێی جەنگەکەی کرد لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا، بەڵام گفتوگۆکان هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبوو لەسەر چۆنێتی کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.

پێشنیارەکەی چین بۆ ئاشتی کەمکردنەوەی گرژییەکان و ئاگربەست لە خۆدەگرێت.

ئەمەریکا پێشنیارەکەی ڕەت کردۆتەوە و دەڵێت چین ڕەتی کردۆتەوە سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بکات لە ئۆکرانیادا.

ئەمەریکا دەڵێت ئاگربەست لە ئێستادا وادەکات ڕووسیا لەو ناوچانەدا جێگیر بێت کە لە ئۆکرانیا داگیریکردوون و کات دەدات بە سوپای ڕووسیا دووبارە خۆیان کۆبکەنەوە.

ئۆکرانیا پێشوازی لە بەشداری دیبلۆماتی چین کردووە، بەڵام زێلێنسکی دەڵێت تەنها لە کاتێکدا بیر لە چارەسەری ئاشتی دەکاتەوە کاتێک سەرجەم هێزەکانی ڕووسیا خاکی ئۆکرانیا جێبهێڵن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز