زێلێنسکی پڕۆژە یاسایەک دەخاتە ڕوو بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

بەرپرسی ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئاندرێ یەرماک دەڵێت سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی پڕۆژە یاسایەکی بۆ ئۆکرانیا خستۆتەڕوو بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێرانی هاوپەیمانی ڕووسیادا بۆ ماوەی 50 ساڵ، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ ئەوەی کە ئۆکرانیا دەڵێت ئێران چەکی بۆ ڕووسیا دابین کردووە.

کیێڤ و هاوپەیمانەکانی دەڵێن ئێران لە سەرەتای داگیرکارییەکەی مۆسکۆوە لە ئۆکرانیا چەکی داوە بە ڕووسیا، لەوانەش سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. تاران ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە.

ئەگەر پڕۆژە یاساکە لەلایەن پەرلەمانی ئۆکرانیاوە پەسەند بکرێت، ئەوا تێپەڕبوونی شتومەکە ئێرانییەکان بە ئۆکرانیادا قەدەغە دەکرێت و بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکە لەلایەن ئێرانەوە قەدەغە دەکرێت، هەروەها سزای بازرگانی و تەکنەلۆجیا و دارایی دژی ئێران و خەڵکی ئێراندا دەسەپێندرێت.

ڕۆژی یەکشەممە کیێڤ وتی مۆسکۆ گەورەترین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردۆتە سەر شارەکە، ئاماژەی بەوەدا ڕووسیا لە هێرشەکەیدا 54 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بەکارهێناوە، وتی 52 فڕۆکەیان خراونەتە خوارەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز