زێلێنسکی دەڵێت ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ ' دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت '

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە وتارێکدا ڕۆژی یەکشەممە بە دیبلۆماتکارانی وڵاتەکەی وت کە ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ " دەتوانرێت بە دەست بهێندرێت "، بەڵام کیێڤ دەبێت شەڕ بکات بۆ ڕازیکردنی هاوپەیمانان تاوەکو ئەوە ڕووبدات.

ئۆکرانیا بەردەوام داوای لە ناتۆ کردووە بانگهێشتی کیێڤ بکەن تاوەکو ببێتە ئەندام. هاوپەیمانێتییەکەی ڕۆژئاوا وتوویەتی کە ئۆکرانیا ڕۆژێک لە ڕۆژان دەبێتە ئەندام تێیدا بەڵام ئەو ڕۆژەی دیاری نەکردووە و بانگهێشتیشی نەکردووە.

مۆسکۆ ئاماژەی بەوە داوە کە ئەگەری پەیوەندیکردنی ئۆکرانیا بە ناتۆوە یەکێک بووە لە بیانووەکانی بۆ داگیرکارییەکەی ساڵی 2022. کیێڤ دەڵێت ئەندامێتی لە ناتۆدا یاخود شێوازێک لە پێدانی گرەنتی ئاسایش، زۆر گرنگ دەبێت بۆ هەر پلانێکی ئاشتی و دڵنیابوونەوە لەوەی ڕووسیا جارێکی دیکە هێرش نەکاتەوە.

زێلێنسکی لە کۆبوونەوەیەکدا لە کیێڤ بە دیبلۆماتکارانی وت " هەموومان لەوە تێدەگەین کە بانگهێشتی ئۆکرانیا بۆ ناتۆ و ئەندامێتی لە هاوپەیمانێتییەکەدا دەتوانرێت تەنها بڕیارێکی سیاسیی بێت. هاوپەیمانێتی بۆ ئۆکرانیا دەتوانرێت بە دەست بهێندرێت، بەڵام تەنها لە کاتێکدا دەبێت کە ئێمە شەڕ بۆ ئەم بڕیارە بکەین لەسەر سەرجەم ئاستە پێویستەکان."

زێلێنسکی وتی هاوپەیمانان دەبێت بزانن ئۆکرانیا دەتوانێت چی بهێنێت بۆ ناتۆ و چۆن ئەندامێتییەکەی لە هاوپەیمانێتییەکەدا پەیوەندییە جیهانییەکان جێگیر دەکات.

هەفتەی داهاتوو زێلێنسکی داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد گرەنتی بدەن بۆ پاراستنی ئۆکرانیا دوای ئەوەی کە جەنگەکە لەگەڵ ڕووسیادا تەواو دەبێت، وتیشی دواجار ئۆکرانیا پێویستی بە پاراستنی زیاتر دەبێت لە ڕێی ئەندامێتییەوە لە هاوپەیمانێتییەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز