سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕۆژی شەممە وتی داوای لە حکومەتەکەی کردووە میکانیزمێک دابنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هاوبەشەکاندا خۆراک بگەیەننە سوریا، ئەوەش دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد.
ئۆکرانیا گەورەترین هەناردەکاری دانەوێڵە و زەیتە ڕووەکییەکانە لە جیهاندا، پێشتریش دانەوێڵە و گەنمی ڕەوانەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، بەڵام بۆ سوریای نەناردووە.
ڕۆژی هەینی سەرچاوە ڕووسیایی و سوریاییەکان وتییان سوریا لە سەردەمی ئەسەددا خۆراکی لە ڕووسیاوە هاوردە دەکرد، بەڵام لە نێوەندی نادیاریی و دواکەوتنی پارەدانەکاندا، گەیاندنی دانەوێڵە لە ڕووسیاوە بۆ سوریا ڕاگیراوە.
زێلێنسکی وتی " ئێمە ئامادەین بۆ یارمەتیدانی سوریا لە ڕێگریکردن لە ڕوودانی قەیرانێکی خۆراکدا، بە تایبەتی لە ڕێی بەرنامەی مرۆیی ' دانەوێڵەی ئۆکرانیا ' وە."
وتی " داوام لە حکومەت کردووە میکانیزمی دابینکردنی خۆراک دابنێت بە هاریکاریی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و هاوبەشانەدا کە دەتوانن یارمەتی بدەن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز