گوتەبێژی ناوەندی نەمران دەڵێت، حەمید نووری لە کوردستانی ئێران بوو کە "ضد انقلاب" سەرکوت بکات

سوید، دادگای حەمید نووری

کاربەدەستێکی پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە ناوی حەمید نووری کە تومەتبارە لە ساڵی ١٩٨٨ی زاینی دا جوادبیرانی لە بەندیخانە داکوشتوە، بۆ یەکەم جار سێشەمە لە دادگای سوید گەواهی دا.

نووری، تەمەن ٦٠ ساڵانە، لە مانگی هەشتەوە بە تاوانەکانی کوشتن، تاوانەکانی بە دژی مرۆڤایەتی و تاوانەکانی سەردەمی شەڕ لە سوید دادگایی دەکرێت. ئەو تاوانانە هی ٣٠ی مانگی حەوت تا ١٦ی مانگی هەشتی ١٩٨٨ی زاینین، کاتێک گۆیا یاریدەدەری جێگری دادپرسی بەندیخانەی کەرەج بووە کە لە نزیک شاری تاران هەڵکەوتووە.

رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن گۆیا ٥٠٠٠ بەندکراو کە لە سەرانسەری ئێران دا بە پێی فەرمانی رێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵلا خومەینی کوژران، بە تۆلەی ئەو هێرشە بووە کە لە لایەن ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵکەوە لە کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق دا کرایە سەر ئێران.

ناوەندی نەمران بنکە لە ئەورووپا لە ئەم پەیوەندییەدا ئاگادارێکی بڵاوکردۆتەوە کە رۆژی هەینی لە ستوکهوڵم لە پێش ئەو دادگایەدا کۆبوودەبنەوە کە نووری تێیدا دادگایی دەکرێت.

یۆنس بلوری، گوتەبێژی ناوەندی نەمران

گوتەبێژی ئەو ناوەندە یونس بلوری لە وتووێژێک لە گەڵ دەنگی ئەمەریکادا دەڵێت، نووری لە گەواهیدانی رۆژی سێشەمە دا، بە گوێرەی قسەی خۆی لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی (١٩٨١-١٩٨٠ی زاینیدا) بە خوازیاری خۆی داوای کرد بنێردرێتە کوردستانی ئێران بۆ ئەوەی "ضد انقلاب" سەرکوت بکات.

لە دادگای سوید چەندین کەس لە نێویاندا ئەندامانی پێشووی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵک شایەتییان داوە.

یەکێک لە ئەو شایەتحاڵانە بە ناوی رەزا فەلاحی بە ئاژانسی پەیامنێری فەرەنسای گوت لە بەندیخانەدا حەمیدی نووری دیوە کە ناوی بەندکراوانی دەخوێندەوە و پاشان بە دوای ئەوان بۆ ئەو شوێنە دەچوو کە ئەو بەندکراوانە ئیعدام بکەن.

هەروەها دەڵێت کە نووری پاش ٤٥ خولەک دەگەڕایەوە و سەر لە نوێ هەمان کاری دووپات دەکردەوە.

فەلاحی کە لە ساڵی ١٩٨١ تا ١٩٩١ بەندکراوبوو، لە ساڵی ١٩٨٨ لە بەندیخانەی "گوهردشت" زیندانی بوو. ئێستا تەمەنی ٦١ سالە ولە بەریتانیا دا دەژی.

بلوری دەڵێت، مەبەستی ئەوان بۆ چوونە بەردەم دادگا لە ڕۆژی هەینییدا ئەوەیە کە بە ڕای گشتی ڕابگەیەنین"هەموو دەزگا و پێکهاتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران" لە سەر ئەو تاوانانەی کە لە کوردستانی ئێراندا "چ بە شێوەی کۆمەڵکوژی و چ بە زیندانی و ئیعدام کردن" ئەنجامیان داوە تاوانبارن.

ئەو هەروەها ئاماژە دەکات کە پێشتر پەیوەندییان بە دادگاکەکردووە کە بەڵگە سەبارەت بە تاوانەکانی رژیم پێشکەش بکەن، "بەڵام دادگا پێی وابوو لە بەر ئەوەی پێنج هەزار بەڵگەیان پێگەیشتووە، دەرفەتی وەرگرتنی بەڵگەی زیاتریان نیە." و دادگاکە تایبەت بە ئەو تاوانانەیە کە لە بەندیخانەی "گوهردشت" ئەنجام دراون واتا ئەو کاتەی کە حەمید نووری لە ئەو بەندیخانەدا بەرپرسایەتی هەبوو.

پێش دادگای ژمارە ١٣ی سوید

بلوری ئاگایی دەدات ناوەندی نەمران بەڵگە لە سەر پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە کوردستانی ئێراندا ئەنجامدراون و ئەنجامدەدرێن، کۆدەکاتەوە و ئەو بەڵگانە تەنیا کرداری کاربەدەستێک یا چەند کاربەدەست نین.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و کارناسانی یاسایی ئەو دادگایە بە رووداوێکی مێژوویی دەزانن.

دادوەر کریستینا لیندئاف، نووری تۆمەتبار دەکات کە "بە ئانقەست" ژیانی گەلێک لە بەندکراوانی سەر بە ڕێکخراوی موجاهدین یا ئەوانەی پەیوەندییان لە گەڵ ئەو ڕێکخراوە هەبووە کوشتووە.

سەرۆکی پێشووی دادی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، لە لایەن رێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەییەوە تۆمەتباردەکرێت ئەندامی "کومسیۆنی مەرگ" بووە کە بە نەهێنی بەندکراوانیان ئێعدام دەکرد.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران

لە مانگی ٥ی ئەمساڵ، زیاتر لە ١٥٠ کەسایەتی، لە نێویان دا براوەکانی خەڵاتی نۆبێل بۆ ئاشتی، سەرۆکانی پێشووی وڵاتان و کاربەدەستانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان کرد لێکۆڵینەوەیەکی نێونەتەوەیی سەبارەت بە ئەم ئیعدامکردنانە پێک بهێنرێت.

گوتەبێژی ناوەندی نەمران دەڵێت، ناوەندەکە پەیوەندی بە گەڵێک بەندکراوی پێشووی کۆماری ئیسلامی کردووە کە لە بەندیخانەکانی جۆراوجۆردابوونە. ئەو شایەتحاڵانە بەڵگەیان هەیە کە چۆن کۆماری ئیسلامی ئەشکەنجەی کردوون و چۆن بە ئاشکرا بەندکراوانیان دەکوشت.

بلوری دەڵێت بەڵگە لە دەرەوەی وڵات زۆرن و ئامادەن لە هەر دادگایەک دا کە بۆ ئەو تاوانانە پێک بێت پێشکەشی بکەن.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژی یۆنس بلوری