سەرۆکی پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا ئەمڕۆ رایگەیاند گوایە بەڵگەی لە بەردەستدا هەیە ئەوە دەسەلمێنێت خانەوادەی سەرۆک رەجەب تەیب ئەردوغان بە ملیۆنەها دۆلاریان رەوانەی کۆمپانیایەک کردوە لە ناوچەیەک کە دانی بڕی باج تێدا کەمە.
لەو بارەیەوە سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری کەمال کڵجدارئۆغڵو گوتی گوایە ئەندامانی خانەوادەی سەرۆک ئەردوغان لەوانە براکەی بڕی نزیکەی 15 ملیۆن دۆلاریان رادەستی کۆمپانیای "بێڵوەی لمیتت" کردوە لە دوورگەی" ئایەڵ ئۆڤ مان" ی بەریتانی.
کڵجدارئۆغڵو بە ئەندامانی پارتی جەهەپەی لە ئەنکەرە گوت؛ ئێمە هەموو تۆمارنامەکانی ئەو کۆمپانیایەمان لا هەیە ، پرسیشی کە ئایا پارە رەوانەی ئەو کۆمپانیایە کراوە ! دەڵیت بەڵی پارەی بۆ رەوانەکراوە. پاشان سەرۆکی جەهەپە کۆی ئەو جارانەی تیایاندا ئەندامانی خانەوادەی ئەردوغان پارەیان رەوانەی ئەو کۆمپنیایە کردوە ریزبەندکرد ، لەوانە ئەوەی لەلایەن کوڕەکەی خودی ئەردوغانەوە نێردراوە لە ماوەی ساڵانی نێوان 2011 بۆ 2012.
ئەوەی جێی ئاماژەیە سەرۆکی جەهەپە کەمال کڵچدارئۆغڵو لە ساتەوەختێکی وتەکەیدا بۆ ئەندامانی پارتەکەی هاوار کرد و گوتی ئەردوغان دەست لە پۆستی سەرۆکایەتی هەڵگرە.
هاوکات سەرۆک رەجەب تەیب ئەردوغان لە پشوی هەفتەی رابردوودا گوتی ئەگەر سەرۆکی جەهەپە ئەو تۆمەتانەی لەسەر من دەیانڵێت بسەلمێنێت، ئەوا من بۆ یەک چرکەسات لە پۆستەکەمدا نامێنمەوە و دەست لە کار دەکێشمەوە.