سالار مەحمود: خەڵکی کوردستان متمانەی بەم حکومەتە نەماوە ئەم حکومەتە شکستیخواردووە
سەرباری هەڵئاوسانی کێشەو گرفتە ئابوری و سیاسی و تەنگەژەکانی بژێوی ژیانی خەڵک و چارەنوسی گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەو جیهاندا تا ئەورۆکە جێی پرسیار و گومانن. بەڕای شارەزایان حکومەتی هەرێم بەم هەموو گرفتە ئابوری و سیاسی و حکومڕانییەوە ناتوانێت بەردەوام بێت. بەڵام کۆمەڵێک پەرلەمانتار هەڵمەتێکیان سازکردووە و 24 واژۆیان کۆکردۆتەوە بۆ بانگهێشتکردنی وەزیری سامانە سروسشتییەکان ئاشتی هەورامی بۆ پەرلەمان بە مەبەستی لێپێچینەوەو لێپرسینەوە لەکۆی ئەو گرێبەست و داهاتانەی تا ئەوڕۆکە بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکراون.
ئاسۆ جەبار بۆ ئەو مەبەستە وتووێژێکی لەگەڵ پەرلەمانتار سالار مەحمود دا بۆ دەنگی ئەمریکا سازکردووە....
سالار مەحمود دەڵێت "سادەترین کارو ئەرکی پەرلەمانتارە بۆ لێپێچینەوە لە وەزیرێک کە نایەوێت لەبەردەم پەرلەماندا ئامادەبێت و نایەوێت شەفاف بێت بەرامبەر ئیرادەی خەڵکی کوردستان."
دەشڵێت "خەڵکی کوردستان تێکڕا متمانەی بەم حکومەتە نەماوە، ئەم حکومەتە شکستخواردووە."
سەبارەت بەوەی کە ئامانج لە سەردانەکانی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم بۆ حیزبەکانی دیکە ئایا پرۆژەیەکی رژدی لەپشتەوەیە یان کات کوشتنە؟ سالار مەحمود دەڵێت "ئەم حکومەتە ناتوانێت داخوازییەکانی خەڵک بەدیبهێنێت، دەیەوێت کات بکوژێت بۆئەوەی بگەنە رێکەوتن لەگەڵ عێراقدا بۆئەوەی ئەو چارەکە موچەیە لەرێی بەغداوە وەربگیرێت."
دەشڵێت "دەبێت ئەو حکومەتە شکستی خۆی رابگەیەنێت و لەپەرلەمانەوە حکومەتێکی کاتی دەستنیشان بکرێت."