لەگەڵ هەوڵەکانی پەرلەمانتاران بۆ دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە پرسی لێبڕینی موچە و دواکەوتنی موچە، بەڵام تا ئێستا سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ئەو دانیشتنەی نەداوە و بانگهێشتی پەرلەمانتارانی نەکردووە بۆ ئەم پرسە.
ڕووپاک ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری و ئەندامی لیژنەی یاسای لە پەرلەمانی کوردستان لە وتوێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە دانیشتنی پەرلەمان لەسەر پرسی موچە و هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران دەڵێت ئێمە ئاگادارین کە داهاتی هەرێم بەشی موچەی فەرمانبەران دەکات بەبێ لێبڕین بۆیە داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد دانیشتنێکی تایبەت لەسەر پرسی موچە بکرێت و ناکرێت پەرلەمان لەو پرسە گرنگەدا بێ دەنگ بێت، پێویستە پەرلەمان هەڵوێستی هەبێت، بەڵام ناشەفافی و بردنی داهاتی هەرێمی کوردستان کاری کردۆتە سەر موچەی فەرمانبەران.
ئەندامی پەرلەمانی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت " ئێمە بە یاداشتێک داوامان کرد کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان لەسەر پرسی موچە بکرێت و بڕیاریشی تێدا بدرێت، وە مەرجیش نیە حکومەت ئامادەی کۆبوونەوەکە بێت، حکومەتیش ئامادە نەبێت دەکرێت پەرلەمان دانیشتنەکەی خۆی بکات، چونکە پەرلەمانی کوردستان بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێی دراوە دەتوانێت بڕیار لە هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی موچە بدات".
خاتوو ڕووپاک ئەحمەد دەشڵێت سەرۆکایەتی پەرلەمان بەڵێنی بە ئێمەدا کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان تایبەت بێت بە پرسی موچە و بەشە لێبڕینی موچە، یاداشتەکەی ئەندامانی پەرلەمانیش بخرێتە بەرنامەی کار، بەڵام بەداخەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەڵێنەکەی خۆی شکاند بە بیانووی ئەوەی حکومەت ئامادەی کۆبوونەوەکە نابێت لە کاتێکدا ئـێمە داوامان نەکردبوو حکومەت ئامادە بێت، چەنکە چەندین جار داوامان کردووە حکومەت ئامادە بێت بەڵام ئامادە نەبووە یانیش ئەگەر ئامادە بووبێت وەڵامێکی قایلکەری نەداوە بە ئـێمە.
خاتوو ڕووپاک جەختیشی لەوە کردەوە کە وەڵامەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ ڕەتکردنەوەی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە موچە قایلکەر نیە کە دەڵێت حکومەت ئامادەی دانیشتنەکە نابێت، بەڵکو تەنها پاساوێکە بۆ ئەنجام نەدانی دانیشتنەکە، ئەگەرنا ئێمە داوای ئامادەبوونی حکومەتمان نەکردووە.
بۆ درێژەی گفتوگۆکە کرتە لەو فایلە دەنگیەی خوارەوە بکە.