گروپە شیعەکانی سەر بە ئێران کە کارنامەی ئەو وڵاتە لە عێراقدا لە بەرژەوەندی ئێران پیادەدەکەن ، بەمدوایانە هێرشە موشەییەکانیان دژ بە بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا لە عێراق وتەنانەت لە سوریاش چرکردووەتەوە. هەڵبەت ئامانج ومەبەست لە پشتی ئەم هێرشانەوە هەن و ئەنجامدەرانی دەیانەوێت پەیامەکانیان لە رێی ئەو هێرشە موشەکیانەوە بە گوێی ئەمەریکادا بدەن. سمکۆ عەزیز لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ئەمەی کردوەتە تەوەرەی ئەم وتوێژەی لەگەڵ دکتۆر ئەمین فەرەج مامۆستای زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق. دکتۆر ئەمین فەرەج دەڵێت " بەدڵنیاییەوە ئەمەریکا هاوپەیمانی سیتراتیژی و نەگۆڕی ئیسرائیلە بەڵام هاوکات سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکای ئێستای سەروەختی سەرۆک جۆو بایدن بەرامبەر دۆسییەی پرۆگرامی ناوکی ئێران جیاوازە لە سیاسەتی سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا". دەشڵێت ئەمە واتای ئەوە نییە کە ئەمەریکا پشت لە ئیسرائیل دەکات، بەڵکو شێوازی مامەڵەکردنەکەی بایدن بەرامبەر ئەو مەسەلانە جیاوازە.
دکتۆر ئەمین فەرەنج دەڵێت گۆشە نیگای بەڕیوەبەرایەتی ئێستای ئەمەریکا ئەوەی جۆو بایدن سەرۆکایەتی دەکات جیاوازە لە بەڕیوەبەرایەتی پێشووی سەرۆک ترەمپ بەرامبەر چەندان مەسەلە لەوانە بەرامبەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران و هەروەها سیاسەتەکانی ئیسرائیل بەرامبەر فەلەستینیەکان .