Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان


شەنگال و ناوچەکانی تری زێدی ئێزدییەکان لە مانگی 8ی ساڵی 2014دا کەوتنە بەر شاڵاوی دڕندانەی هێزە ئیسلامییەکانی داعش و هاوشێوەی داعشیشەوە.

ئەم شەپۆلی کۆمەڵکوژکردنەی ئێزدییەکان وەک چۆن ناکرێت چاو لە ڕەهەندە ئاینییەکەی بپۆشرێت، ئاوەهاش ناکرێت شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی بابەتیانەی ڕەهەندە سیاسی و لەشکرییەکانیشی فەرامۆش بکرێن.

خواستی داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی شەنگال و ناوچەکانی تری زێدی ئێزدییەکان، مێژوویەکی کۆنی هەیە؛ بەهۆی هەڵکەوتەی ناوچەکە و ئەو مێژووە دێرینەی هەیەتی و هەروەها پێکهاتەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەش.
عەباسییەکان، سوڵتانەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانلی چەندان هێرشی خۆیان کردۆتە سەر زێدی ئێزدییەکان و زیانی گەورەی گیانی و ئابوریشیان لە دانیشتوانی ئێزدی و ئاینەکانی تریش داوە و تەنانەت دەستیان لە موسڵمانەکانی ئەو ناوچانەش نەپاراستووە.

لە سەروەختی پادشایەتی عێراقیشدا هێرش کراوەتە سەر شەنگال و بەدواشیدا ڕژێمە لەناوچووەکانی بەعسی شۆڤینی، هەرچییەکیان لەدەست هاتبێت درێغییان نەکردووە لە بەرامبەر ئێزدییەکان و سیاسەتی تەعریب و ڕاوەدونانیان لە بەرامبەر بەکارهێناون و بەشێکی بەرچاوی ئێزدییەکان و دانیشتوانی تری ناوچەکەیان ڕاگواستووە و لە ئۆردوگا زۆرە ملێییەکاندا نیشتەجێیان کردوون.


میوانی بەرنامە:

چۆلی ئەسعەد، نوسەر و ڕۆژنامەوان

بە پێداچوونەوە بەو مێژووی داگیرکردن و سەرکوتکاریانەی بەرامبەر ئێزدییەکان کراون، وەک شیکەرەوە دەڵێن دۆسێی ئاین دەگۆڕدرێت بۆ دۆسێیەکی سیاسی و ئەو ڕوانینەش دەسەپێندرێت بەسەر ڕوانگە کۆمەڵایەتیەکە و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی ئاینەکان.

بەپێی ئەو ئامارانەی دەزگا فەرمی و نافەرمییەکانیش بڵاویان کردۆتەوە لەو هێرشەی دەوڵەتی ئیسلامیدا، بە هەزاران ئێزدی کۆمەڵکوژ کراون، بە سەدان هەزار ئێزدی ئاوارەبوون، بە هەزاران کەس لە چیای شەنگال بۆ زیاتر لە 10 ڕۆژ بەبێ نان و ئاو ماونەتەوە تا ژیانی خۆیان ڕزگار بکەن؛ ئەمانە بێ لەوەی بە هەزاران ژن و کچی ئێزدی بە دیل گیران و دواتر موسڵمانەکانی دەوڵەتی خەلافەت بازرگانییان پێوە دەکردن.

ئێستاش 7 ساڵ پاش ئەو کۆمەڵکوژییە، 7 ساڵ پاش ئەو هەوڵە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی ئێزدییەکان،ڕوخاندنی پەرستگا و شوێنە ئاینییەکانی ئێزدییەکان، بە سەدان و بگرە بە هەزاران ئێزدی بێسەروشوێنن.

ئەم کارەساتە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ژینۆسایدی ناساندووە، بووە مایەی هەڵوێست وەرگرتنی زۆرێک لە وڵاتان و نێوەندە گرنگەکانی جیهان و بەبێ هیچ دوودڵییەک ئەوەی ڕۆژی 3ی مانگی 8ی ساڵی 2014 و دواتریش بەسەر ئێزدییەکاندا هات، بە ژینۆساید ناودێریان کرد؛ بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە ئایا ناساندنی ئەو کارەساتە گەورەیە بە ژینۆساید، بە مانای قەرەبوکردنەوەی ئێزدییەکان دێت؟

ئایا جیاوازی چییە لە نێوان کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان و کۆمەڵکوژییەکانی تری بەسەر کورددا هاتوون؟

ئایا دوای ئازادکردنەوەی شەنگال و ناوچەکانی زێدی ئێزدییان، متمانە و دڵنیایی لای ئێزدییەکان هاتۆتە ئاراوە بۆ گەڕانەوە؟

بۆچی کۆمەڵکوژییەکان نەبوونەتە مایەی دروستبوونی گوتارێکی یەکگرتووی کوردی؟

چۆلی ئەسعەد، نوسەر و ڕۆژنامەوان، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:05 0:00


XS
SM
MD
LG