Accessibility links

فەرماندەیەکی بڵای پێشمەرگە: عێراق لە 16 ی ئۆکتۆبەر پلانی گرتنی هەولێریشی هەبوو


لیوا محەمەد ڕێگر
لیوا محەمەد ڕێگر

فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق لە ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەردا، پلانی کۆنترۆڵکردنی شاری هەولێریشی هەبووە، بەڵام تێکشکاندنی هێزەکەیان لە پردێ، پلانەکەی پوچەڵکردووەتەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا محەمەد ڕێگر کە لەکاتی ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەردا، جێگری فەرماندەی میحوەری ڕۆژاوای کەرکوک بوو، دەڵێت "16 ی ئۆکتۆبەر کارەساتێکی ناخۆشبوو، گروپێک خیانەتکار سەنگەرەکانیان چۆڵکرد، ڕێگەیان بۆ لەشکری عێراق و ئێران کردەوە تا بێنە کەرکوک، ڕووداوەکە هێندە گەورەبوو، توشی شۆکبووین."

سەبارەت بە هۆکاری کشانەوە و بەرگری نەکردنی ئەو هێزە زۆرەی پارتی، کە لە میحوەری ڕۆژاوای کەرکوک جێگیرکرابوون، لیوا محەمەد وتی"ڕاستە دیوی ڕۆژاوا هێزی تیابوو، بەڵام هێزەکان هاوبەشبوون، کاتێک فەرمانی کشانەوە بۆ بەشێک لە هێزەکان هات، پێیانناخۆشبوو، بەڵام کشانەوە، بۆیە ئێمەش ناوچەکەمان چۆڵکرد."

فەرماندە باڵاکەی پێشمەرگە ڕوونیکردەوە، حکومەتی عێراق لەڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەردا، پلانی کۆنترۆڵکردنی هەولێر و ڕۆیشتنی بەرەو حاجی ئۆمەرانی هەبووە، بەڵام کاتێک لە پردێ بەرگری کراوە، پلانەکە پوچەڵکراوەتەوە، وتی"شەڕەکەی پردێ، بووە مایەی ورە و مەعنەویات بۆ میحوەرەکانی سحێلاو مەحمودیە و لەوێش هێزە عێراقیەکان شکان."

لیوا محەمەد ڕێگر، ڕەتیکردەوە لە سەروبەندی شەڕی نێوان هێزە عێراقیەکان و پێشمەرگەدا لەپردێ، تیمی بیانی هاوکاری کردبن بۆ تێکشکاندنی تانکە عێراقیەکان، وتی"ئەسڵ و ئەساسی نیە، جگە لەخوا کەسمان لەگەڵ نەبوو، خۆمان هێزەکەمان تێکشکاند."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا محەمەد ڕێگر فەرماندەی باڵای پێشمەرگە، دەربارەی هۆکاری کشانەوەی هێز لە مەخمور و ناوچەکانی تر، وتی"ئەو هێزەی کەرکوکی گرت، سورانەوە بەرەو پشتەوەی مەخمور و ناوچەکانی تر، بۆیە پێشمەرگە کشایەوە، تا لەجێگەی تر سەنگەر لێبدات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:39 0:00


XS
SM
MD
LG