هەتا دێت ململانێ و ناکوکیەکانی نێوان لایەنە سیاسیە کوردیەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق چڕتردەبنەوە. لایەنەکان بە وەفدی جیاجیا سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان کۆدەبنەوە، سەرۆکی دەزگای میدیایی ستاندەردیش پێی وایە حەق وابوو پۆستی سەرۆککۆمار و پۆستەکانی کوردستان بدرێن بە خەڵکی تەکنوکرات و سەربەخۆ.
لەبارەی گرنگی پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد، مەسعود عەبدولخالق سەرۆکی دەزگای میدیایی ستاندەر بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " گرنگی سەرۆککۆماری لە زۆر ڕووەوەیە هەرچەندە لە عێراق دەسەڵاتەکانی بڕێک سنووردارە بەڵام بۆ کورد لەم قۆناغەدا گرنگیەکەی خۆی لە سێ تەوەری سەرەکیدا دەبینێتەوە، یەکێکیان پارێزەری دەستوورە و لە دەستووریشدا دەستکەوتی باش بۆ کورد هەیە، دووهەمیش هەندێک بابەتی هەڵواسراوی نێوان هەرێم و بەغدا ماون و لەوەش ڕوولێکی گرنگی هەیە و سێهەمیش کە هەرە گرنگەکەیانە کورد زۆر زەحیەی ویفاقی ئیقلیمیە ئەوەی پێی دەگوترێت رێککەوتنی ئیقلیمی لەسەر حسابی کورد تا سەرکردە و سەرۆک کۆمارێک کوردبێت ئەو موئامەرەیە ناکرێت بۆیە کەسێکی گرنگمان پێویستە".
عەبدولخالق دەشڵێت " ئێستا شەڕە وەفدە لە بەغدا هەر ئەمڕۆ سێ تا چوار وەفدی کوردی لە بەغدان".
سەرۆکی دەزگای میدیایی ستاندەرد ڕاشیدەگەیەنێت" ئێمە وازمان لەو دەسەڵات هێناوە لەبەر ئەوەی بە گوێی کەس ناکەن و پێمان وایە لەسەر دانانی ئەو کاندیدانە پرسیان بە مەکتەب سیاسیەکانیان و خەڵکی تریش نەکردووە. ئێمە پێشتر عینادی دەسەڵاتی کوردیمان لە ریفراندۆم و دەرکردنی نەوت و بەرپاکردنی ئابوری سەربەخۆ بینیوە هەموومان پێمان وتن مەیکەن بەگوێی کەسیان نەکرد چەند زەرەری گەورە کراوە، سەرکردایەتی کورد وەکو سەرکردەی ئەمەریکا و ڕووسیا نییە عینادیەک بکەن و بۆیان بچێتە سەر عینادیەکەیان لە کۆتاییدا باجی هەرە گەورە دەکەوێتە سەر خەڵک و هەرێمی کوردستان وەکو باجەکان کە دراون و هەرێمی کوردستان چۆن هەر سیادەشی نەما".
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا مەسعود عەبدولخالق سەرۆکی دەزگای میدیایی ستاندەرد گووتی " داوایان لێدەکەین کە ئەگەر بەگوێمان دەکەن بگەڕێنەوە سەر یەک کاندید مادەم هەر رێککەوتنیان کردووە با ئیلتیزام بەو رێکەوتنە ستراتیژیە بکەن و رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی زۆر خراپیشە، حەق وابوو پۆستی سەرۆککۆمار و پۆستەکانی کوردستان بدرێتە خەڵکی تەکنوکرات و سەربەخۆ".
بڕیارە 8ی مانگی داهاتوو پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری داهاتووی عێراق کۆببنەوە و کەسێک بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرن و تا ئێستاش چەندین کەس کاندیدن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.